ئەمڕۆ 9 ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 25ی ئەیلولی 2026، نۆ ساڵ بەسەر ریفراندۆمی سەربەخییدا تێدەپەڕێت و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "X" رایگەیاند: "ساڵیادی سەرکەوتنی ئیرادەی گەل، پیرۆز و پایەدار بێت".
پرۆسەی ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلولی 2017 ئەنجامدرا، تێیدا لە کۆی 4 ملیۆن و 561 هەزار و 255 کەس کە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان مافی دەنگدانیان هەبوو، 3 ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس بەشدارییان لەو راپرسییەدا کرد کە دەکاتە زیاتر لە 72%ی دەنگدەران. هاوکات 2 ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس بە دەنگی "بەڵێ" لە بەرژەوەندیی سەربەخۆیی دەنگیان دا، کە رێژەی زیاتر لە 92%ی دەنگدەرانی پێکهێنا.
پێشتر و لە 7ی حوزەیرانی 2017 لە هاوینەهەواری پیرمام، نوێنەرە باڵاکانی پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، جێگری سەرۆکی هەرێمی ئەو کاتە، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بڕیاری ئەنجامدانی پرۆسەکەیان دا و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پێکهێنرا.
ئەو لایەنانەی کە لە ئەنجومەنەکەدا بەشداربوون بریتی بوون لە (پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتکێشان، حزبی شیوعی، حزبی سۆسیالیست و نوێنەری پێکهاتەکان).
AM:09:38:25/09/2026
ئهم بابهته 120
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت