جوانڕۆ محەمەد: لە بەغدا دەرمان بە نیوەی نرخی هەرێم دەستدەکەوێت

‌

وێستگەنیوزـ


بەپێی بەدواداچوونێکی مەیدانی کە لەلایەن ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانەوە ئەنجامدراوە، جیاوازییەکی بەرچاو لە نرخی دەرمان لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا هەیە؛ بەجۆرێک نرخی هەمان دەرمان لە هەرێم لە هەزار دینارەوە تا 77 هەزار دینار گرانتر لە پارێزگاکانی عێراق بە هاوڵاتییان دەفۆشرێت.


جوانڕۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، دوای چەند هەفتەیەک لە بەدواداچوون و کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر گرانیی نرخی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە عێراق، دەرکەوتووە کە بارگرانییەکی زۆر خراوەتە سەر شانی هاوڵاتییان و لەبری ئەوەی دەرمان بشێتە هۆی چارەسەر، بووەتە بارگرانی و دەرد بۆ نەخۆش.


بەپێی زانیارییەکان، ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا سیستمی ستیکەر پەیڕەو دەکرێت کە نرخی دیاریکراوی دەرمانەکەی لەسەر تۆمار دەکرێت، لە عێراق لیژنەی ناوەندی بۆ دیاریکردنی نرخی دەرمان سەر بە وەزارەتی تەندروستی عێراق بەرپرسە لە دیاریکردنی نرخەکان، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA) سەر بە وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئەو ئەرکە دەبینێت.


ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەنجامی بەدواداچوونەکان شۆککەر بوون؛ بەجۆرێک نرخی ستیکەری زۆربەی دەرمانەکان لە هەرێمی کوردستان دوو ئەوەندەی ستیکەری عێراقە، لەکاتێکدا دەرمانەکان تەواو هەمان براند، هەمان کۆمپانیا و هەمان بەرواری بەسەرچوونیان هەیە. جیاوازیی نرخەکەش بۆ هەمان دەرمان لە هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 77 هەزار دینار.


جوانڕۆ محەمەد جەختیکردەوە، ئەگەر هاوڵاتییەکی هەرێم بڕواتە بەغدا، دەتوانێت هەمان دەرمان بە نیوەی ئەو نرخە بکڕێت کە لە هەرێمدا دەیبڕێت. ڕاشیگەیاندووە کە دۆسیەکەی ئاڕاستەی بەرپرسانی باڵای هەرێم کردووە و تەواوی ڕێکارە قانونی و پەرلەمانییەکان دەگرێتەبەر تا ئەو کاتەی نرخی دەرمان لە هەرێم یەکسان دەکرێتەوە بە عێراق یان هەرزانتر دەکرێت.


PM:09:15:24/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت