راسپاردەکانی دابینکردنی بەنزین بۆ هەرێم رادەستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرا
وێستگەنیوز-
لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕاسپاردەکانی
تایبەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی و بەنزین لە هەرێمی کوردستان ئاراستەی سەرۆکی
پەرلەمان کرد، کە تێیدا پێشنیاز کراوە لە ئەگەری دابینکردنی بەنزین لەلایەن بەغداوە
بۆ هەرێم، بە هەمان نرخ بفرۆشرێت کە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ پەسەندی کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە24ـی
ئەیلوولی 2026، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و
غاز لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە
و بەدواداچوونی ورد بۆ قەیرانی سووتەمەنی لە عێراق و هەرێم، لیژنەیەکی لاوەکییان پێکهێناوە
بۆ تاوتوێکردنی تەرخانکردنی ئەو بڕە نەوتە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە و ڕادەستکردنی
بە حکومەتی هەرێم، بە مەبەستی دابینکردنی سووتەمەنی هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
بەپێی ڕاسپاردەکانی لیژنەکە، دابینکردنی سووتەمەنی
بۆ پارێزگاکانی هەرێم لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە دەبێت و
بڕەکەش بە هەمان پێوەری پارێزگاکانی دیکەی عێراق دیاری دەکرێت. هەروەها پرۆسەی دابەشکردنەکە
بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەبێت و لە کاتی کەمبوونەوەی
سووتەمەنی، بڕەکە بە یەکسانی بەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراقدا دابەش دەکرێت. لەو
حاڵەتەشدا پێدانی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە بە هەرێم هەڵدەوەشێتەوە و لە ڕێگەی کۆمپانیای
سۆمۆوە هەناردە دەکرێت، مەرجێکی سەرەکیش ئەوەیە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەڵێن
بدات بەرهەمە نەوتییەکان بەو نرخە بفرۆشێت کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە
پەسەند کراوە.
لە ئەگەری پەسەندکردنی پێشنیازی وەزارەتی سامانە
سروشتییەکان بۆ زیادکردنی بڕی نەوتەکە بۆ سەروو 50 هەزار بەرمیل ڕۆژانە، لیژنەی نەوت
و غاز چەند مەرجێکی خستووەتەڕوو، لەوانە؛ لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووان لە کاتی
قەیرانەکاندا، دیاریکردنی بڕەکە لە ڕێگەی لیژنەیەکی تەکنیکییەوە بە بەشداری کۆمپانیاکانی
پاڵاوگە و دابەشکردن، فرۆشتنی نەوتی خاو بە هەرێم بە هەمان نرخی پاڵاوگەکانی دیکەی
عێراق، لەگەڵ ڕادەستکردنی نەوتی ڕەش بە هەمان میکانیزمی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
لە کۆتایی ڕاسپاردەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە،
کە پێویستە لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا تێچووی پاڵاوتن لە نێوان پاڵاوگەکانی فیدراڵی
و پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی
تێچووەکان بگەڕێنێتەوە.
PM:03:54:24/09/2026
ئهم بابهته 176
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت