پلەکانی گەرما لە هەرێم دادەبەزن و لە عێراق بەرزدەبنەوە


وێستگەنیوز-

بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو، ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەوردا دەبێت و پلەکانی گەرما لە هەرێم دادەبەزن، لە کاتێکدا سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی نوێی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگرێتەوە.


کەشناسی هەرێم رایگەیاند، کەشوهەوای دوو ڕۆژی داهاتووی هەرێم ئارام دەبێت و خێرایی با لەنێوان لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت، بەرزترین پلەی گەرماش لە شارەکانی هەرێم لە نێوان 29 بۆ 40 پلەی سیلیزی دەبێت و کەش ڕوو لە فێنکی دەکات.

دەشڵێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە و سبەی هەینی بە ساماڵ و پەڵەهەور پێشبینی کراوە، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (لە نێوان 5 بۆ 20 کیلومەتر لە کاتژمێرێکدا) و ئاراستەکەی بەرەو باکووری خۆرئاوا دەبێت، مەودای بینینیش ئاساییە و لە نێوان 8 بۆ 10 کیلومەتردا دەبێت، پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی هەرێم بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو (2 بۆ 3) پلە نزم بوونەتەوە، بەرزترین پلەی پێشبینیکراویش بۆ سبەینێ هەینی لە هەولێر 37، سلێمانی 35، دهۆک 35، هەڵەبجە 37، وە لە گەرمیان 40 پلەی سیلیزی دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، دەستەی کەشناسیی عێراق رایگەیاند، لە شارەکانی باشوور وەک بەسڕە پلەکانی گەرما تا 46 پلە بەرز دەبنەوە و لە ڕۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی دیکەی بەرزبوونەوە دەستپێدەکات.

دەشڵێت، کەشوهەوای سەرانسەری وڵات بۆ ڕۆژی هەینی ساماڵ دەبێت لەگەڵ دەرکەوتنی هەندێک هەور لە ناوچەکانی باکوور و باشوور، وە پلەکانی گەرما لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور بە بەرزی دەمێننەوە، بەجۆرێک لە بەغدا 42، نەجەف 43، و بەسڕە 46 پلەی سیلیزی تۆمار دەکرێت. دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ڕۆژی شەممەی داهاتووەوە پلەکانی گەرما کەمێک ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەنەوە، بەڵام ڕۆژی دووشەممە دووبارە نزمبوونەوەیەکی کەمیان بەخۆیەوە دەبینێت.



AM:11:55:24/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو