ئەفسەرێك لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ وێستگەنیوز: زیاتر لە دوو ساڵە بە فەرمانی پارتی مووچەكەم راگیراوە


وێستگه‌نیوز – محەمەد فاتیح

ئەفسەرێك لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای كردووە بەپێچەوانەی یاسا و رێسا سەربازییەکان، زیاتر لە دوو ساڵە بە بڕیارێکی حزبی، مووچەکەم لە وەزارەتی پێشمەرگە راگیراوە؛ تەنیا لەبەر ئەوەی سەر بە هیچ لایەنێکی دەسەڵاتدار نیم.


ئیسلام زێباری، ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە بە وێستگەنیوزی راگەیاند، من ئەفسەرم لەسەر میلاکی (ئومرەی) وەزارەتی پێشمەرگە و زیاتر لە 20 ساڵ خزمەتی سەربازیم هەیە و هەڵگری دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە بوارەکانی زانستی سەربازی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و له زیاتر لە 20 خولی جۆراوجۆری سەربازی بەشداریم كردووە کەچی لەبری پاداشت و رێزلێنان لە ماندووبوونم، سەرەتاییترین مافم، کە مووچەیە، لێ زەوت کراوە.

وتيشى، لە چەند مانگی ڕابردوودا سێ داواکاریم ئاراستەی بەڕێز وەزیری پێشمەرگە کردووە و داوام لێ کردووە وەک دەسەڵاتی یەکەمی وەزارەتی پێشمەرگە، مووچەکەم خەرج بکات؛ بەڵام بەداخەوە، وەڵامی جەنابی وەزیر ئەوە بوو: مووچەکەت لەلایەن پارتییەوە راگیراوە و من دەسەڵاتم بەسەر کاروباری ئەواندا نییە.

روونیشیكردەوە، پاشان دۆسیەکەم رەوانەی لای بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە کرد (پشکی پارتی)، ئەویش لەلای خۆیەوە گوتی: هیچم بەدەست نییە و ناتوانم مووچەکەی خەرج بکەم، دواتر پەیوەندیم بە جێگری هەواڵگریی وەزارەتی پێشمەرگەوە کرد و پێم گوت: بە فەرمانی تۆ و بەبێ هیچ بڕیارێکی یاسایی، مووچەکەم ڕاگیراوە؛ هۆکار چییە؟ لە وەڵامدا گوتی: هەوڵ دەدەم لەگەڵ بریکاری وەزیر یان سەرۆکی ئەركان قسە بکەم، چونکە بێ ڕەزامەندیی ئەوان ناتوانم هیچ بکەم، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ مانگ، هیچ هەواڵ و وەڵامێکیان نییە.

ئەفسەرەكەی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشكرد، لە دادگای سەربازی و فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگەم پرسی دەربارەی هۆکاری راگرتنی مووچەکەم؛ پێیان ڕاگەیاندم: هیچ بڕیارێکی یاسایی لەلایەن ئێمەوە دەرنەچووە بۆ ڕاگرتنی مووچەکەت، دوای ئەوە، لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاریی وەزارەتی پێشمەرگەم پرسی؛ پێیان گوتم: بە بڕیارێکی حیزبی مووچەکەت راگیراوە و ئێمە هیچ دەسەڵاتێکمان بەسەر بڕیاری حیزبدا نییە.

لە كۆتایی قسەكانیدا ئیسلام زێباری بە وێستگەنیوزی وت: ئەمەیە دۆخی ئەو وەزارەتەی رۆژانە بانگەشەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی دەکرێت؛ کەچی ئەفسەرێکی ئەکادیمی بە فەرمانی حیزب مووچەکەی دەبڕدرێت.


PM:04:39:23/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو