دەستەی دەستپاکی: سزای 7 ساڵ زیندانی و گەڕاندنەوەی نزیکەی 12 ملیار دینار بەسەر پەرلەمانتارێکدا سەپێندرا
وێستگەنیوز –
بە تۆمەتی دەوڵەمەندبوونی نایاسایی و حەشاردانی زانیاری، دادگای نەهێشتنی گەندەڵی سزای زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی بەسەر ئەشواق سالمدا سەپاند.
دەستەی دەستپاکی بەغدا ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی ناوەندی تایبەت بە نەهێشتنی گەندەڵی سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی ئامادەیی بەسەر پەرلەمانتار ئەشواق سالم حەسەندا سەپاند، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دەوڵەمەندبوونی نایاسایی.
دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کرد، دادگا بەپێی حوکمەکانی ماددەی (19/دووەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەوڵەمەندبوونی نایاسایی ژمارە 30ـی ساڵی 2011ـەی هەموارکراو سزاکەی دەرکردووە.
هاوكات تاوانبارەکە جگه له سزای زیندانی، ناچار کراوە بە گەڕاندنەوەی بڕی 2,114,820,000 دیناری عێراقی و 2,924,100 دۆلاری ئەمریکی، لەگەڵ سەپاندنی پێبژاردنێکی دارایی هاوتا بە هەمان بڕ، کە کۆی گشتی پارە گەڕێنراوەکە و سزاکە دەگاتە 11,949,264,000 (یانزە ملیار و نۆسەد و چل و نۆ ملیۆن و دووسەد و شەست و چوار هەزار) دینار.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووه، دادگا سزایەکی دیکەی بەندکردنی توندی بۆ ماوەی 3 ساڵ بەسەر ناوبراودا سەپاندووە بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لە فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامان، بەڵام دادگا بڕیاریداوە قورسترین سزایان سزای 7 ساڵەکە لەسەر جێبەجێ بکات.
ئاماژە بەوەش کراوە، دادگا بڕیاری داوە دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی ئەو پەرلەمانتارە وەک خۆی بهێڵێتەوە، و مافی بە دەستەی دەستپاکی داوە دوای بنبڕبوونی بڕیارەکە، داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بکات.
PM:02:59:23/09/2026
ئهم بابهته 256
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت