د. بڕیار ڕەشید بۆ وێستگەنیوز: بە واژۆی 88 پەرلەمانتار داوای دامەزراندنی سێ یەکەمەکان و خۆبەخشان و گرێبەستەکان دەکەین


وێستگەنیوز -

دکتۆر بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بە واژۆی 88 پەرلەمانتار پێنج داواکاریی گرنگمان گەیاندە سەرۆکایەتی پەرلەمان.


د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند: بە پاڵپشتی و واژۆی 88 پەرلەمانتار، پێنج داواکاریی گرنگمان لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد، بە مەبەستی ئەوەی لە یاسای بودجەی ساڵی 2027ـدا جێگیر بکرێن.

ئاماژەی بەوەش کرد: سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نووسراوەکەی ئاراستەی لیژنەی دارایی کردووە، بۆ ئەوەی لیژنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، پێش ناردنی ڕەشنووسی یاسای بودجە بۆ پەرلەمان، ئەم داواکارییانە لە ڕەشنووسەکەدا جێگیر بکات.

د. بڕیار ڕەشید ئاماژەی بەوە کرد، داواکاریی یەکەم تایبەتە بە دامەزراندن و تەرخانکردنی پلەی وەزیفی بۆ سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەشەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2017 تا 2025.

هەروەها لە داواکاریی دووەمدا داوای دامەزراندن و دانانی میلاکی هەمیشەیی بۆ 13,300 خۆبەخشی کەرتی تەندروستی کراوە.

سەبارەت بە داواکارییەکانی دیکە، ناوبراو ئاشکرای کرد، داوای جێگیرکردنی زیاتر لە 30,000 فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستان کراوە کە لە ئێستادا مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دابین دەکرێت.

هاوکات داوا کراوە تەواوی شایستە داراییەکانی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی هەرێم سەرف بکرێت کە لەدایکبووی ساڵانی 1962، 1963 و 1964ن و خانەنشین کراون.

لە کۆتاییشدا جەخت لە دابینکردنی دەرفەتی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا کراوەتەوە.


PM:02:26:23/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو