بافڵ تاڵەبانی: رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران سەرکەوتنێکی هاوبەشە و دەبێتە بناغەی ئاشتی لە ناوچەکە
وێستگەنیوز-
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نیویۆرک رایگەیاند، رێککەوتنی هەمیشەیی نێوان هەردوو دەوڵەت بە مانای تەسلیمبوون یان لاوازیی دەسەڵات نایەت، بەڵکو سەرکەوتنێکی هاوبەشە بۆ هەردوولا و تەواوی ئاسایشی جیهان.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی بە ناوی گەلی کوردەوە پیرۆزبایی و ستایشی ئاراستەی سەرکردایەتی و دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران کرد بۆ بەڕێوەچوونی ئەم گفتوگۆ مێژووییە و ئاماژەی بەوە کرد، "تێپەڕاندنی دەیان ساڵ لە دووبەرەکی بوێرییەکی مەزنی دەوێت، بەڵام سەرکردایەتیی راستەقینە بەو جەنگانە ناپێورێت کە دەکرێن، بەڵکو بوێری هەنگاونان و بەرقەرارکردنی ئاشتییە"، دەستخۆشیشی لە دانوستانکارانی هەردوولا کرد کە بە ژیری و ئازایەتی رووبەڕووی ئاڵۆزییەکان بوونەتەوە.
بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە، لەم قۆناغەدا کلیلی سەرکەوتنی هەر نەتەوەیەکیان بە دەستی ئەوی دیکەیانە و دەتوانن بە کارکردنی پێکەوەیی، کەرامەت و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان بپارێزن و نیشانی جیهانی بدەن کە شکۆمەندی لە دیپلۆماسیدایە، بەبێ ئەوەی پێویست بکات لایەنێکیان بەسەر ئەوی تریاندا زاڵ بێت، هەروەها باسی لەوە کرد کە هەردوو گەلی ئەمریکا و ئێران شایستەی داهاتوویەکن دوور لە ئاڵۆزی و توندوتیژی.
سەبارەت بە رەنگدانەوەی ئەم گفتوگۆیانە لەسەر ناوچەکە، سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە نابێت کاریگەرییە گەورەکانی ئەم هەنگاوە بە کەم سەیر بکرێن، چونکە لێکتێگەیشتنی سەرکەوتووانەی واشنتۆن و تاران، دەبێتە بناغەیەکی راستەقینە بۆ بەرەوپێشبردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام، سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووریی هاوبەش بۆ هەموو لایەک.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە سەرکردە و دیپلۆماتکارانی بەشداربوو کرد کە بە هەمان رۆحییەت و بوێرییەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن تاوەکو بەڵێنی داهاتوویەکی پڕ لە ئاشتی بەدی بهێنن، و وتیشی: "خودا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بپارێزێت".
AM:10:14:23/09/2026
ئهم بابهته 312
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت