ئەحمەد شەرع: هەرێمی کوردستان هاوکارییەکی باشی کردین بۆ سەقامگیریی سووریا و تێکەڵکردنەوەی هەسەدە
وێستگەنیوز-
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستانی بە "زۆر باش" وەسف کرد و رایگەیاند، هەردوولا خاوەنی بەرژەوەندیی گەورەی هاوبەشن لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و ئەمنیدا.
ئەحمەد شەرع ئاشکرای کرد، پەیوەندیی زۆر باشیان لەگەڵ مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشتر پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوانیاندا هەبووە لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، جەختیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هاوکارییەکی باشی کردوون بۆ سەقامگیریی دۆخی سووریا و پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە.
سەبارەت بە دۆخی کورد لە سووریا، شەرع رایگەیاند مەرسومی ژمارە 13 کە تایبەتە بە داننان بە مافی کورد، بە فەرمی دەبێتە بەشێک لە دەستووری نوێی وڵاتەکە، وتیشی: "کورد بەشێکی رەسەنی کۆمەڵگەی سووریان و مافە کولتووری و زمانییەکانیان بە فەرمی ددانیان پێدا نراوە و جێگیر دەکرێن".
سەرۆکی سووریا جەختیشی کردەوە کە داننان بە مافە کولتووری و زمانەوانییەکانی کورد لە وڵاتەکەیدا، ئەرکێکی سەرشانی حکومەتەکەی و مافێکی رەوای گەلی کورد بووە دوای 100 ساڵ.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەحمەد شەرع ئاشکرای کرد کە لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە سەرجەم ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، خوێندن بە زمانی کوردی بێت.
AM:09:02:23/09/2026
ئهم بابهته 232
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت