بۆ دابینکردنی بەنزین بە 450 دینار؛ پەرلەمانی عێراق دوو پێشنیاز لەبەرژەوەندی هاوڵاتییانی هەرێم گەڵاڵە دەکات


وێستگەنیوز-

لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە هاوتاکردنی سووتەمەنیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران، دەرهاویشتە و پێشنیازەکانی خۆی ئامادە کرد کە دوو بژاردەی سەرەکی لەخۆدەگرێت بە ئامانجی گەیاندنی بەنزین بە نرخی فیدراڵی بۆ هەرێم.


لەو بارەیەوە سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی نەوت و گاز رایگەیاند، سەرجەم پێشنیازە گەڵاڵەکراوەکان لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستاندان و دوو بژاردەی سەرەکی دەخەنە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق:

یەکەم: دەبێت کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق، راستەوخۆ بەنزین و سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات، بە هەمان ئەو پێوەر و نرخەی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا هەیە، ئەمەش لە بەرانبەر ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی دیاریکراوە.

دووەم: لە ئەگەری ئەوەی بڕی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، پێویستە وەزارەتی نەوتی عێراق تەواوی تێچووی بەرهەمهێنان و پاڵاوتن لە ئەستۆ بگرێت، تاوەکو بەنزینەکە بە هەمان نرخی ناوچەکانی دیکەی عێراق بگاتە دەست هاوڵاتییانی هەرێم.

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەش کردەوە کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا، چ لە رێگەی بەرهەمی ئامادەکراو بێت یان نەوتی خاو، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق بە جۆرێک سووتەمەنی دابین بکات کە هاوشێوە و هاونرخی ناوچەکانی دیکە بێت، هاوکات هەر پێوەرێک بۆ دیاریکردنی بڕی سووتەمەنی بۆ پارێزگاکانی عێراق بەکاردەهێنرێت، هەمان پێوەر بۆ هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.

شێروانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بەرانبەر جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە و دابینکردنی سووتەمەنی لەلایەن بەغداوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بەوەی سووتەمەنی بە هەمان نرخی پارێزگاکانی عێراق بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش بکات.


PM:02:42:22/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت