لە پیرمام.. مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی سێناتی فەڕەنسی کرد
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئەیلوولی 2026، لە هاوینەهەواری پیرمام، مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی سێناتی فەڕەنسی کرد کە پێکهاتبوون لە رێمی فێرۆ سێناتۆری هەرێمی پاریس و ئۆلیڤیێ بلیتز سێناتۆری هەرێمی ئۆرن، بە ئامادەبوونی باڵیۆز ئیمانویێل مینیۆ کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر.
لە دیدارەکەدا، شاندی میوان پێزانینی خۆیان بۆ رۆڵی مێژوویی مەسعود بارزانی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، دامەزراندنی دامەزراوەکانی هەرێم، فەرماندەییکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعش و هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و پێکەوەژیان لە عێراق و ناوچەکەدا دەربڕی. شاندەکە ئاماژەیان بەوەش کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان مێژوویی و رەگداکوتاون و پاریس هەمیشە بە رێزەوە لە قوربانیدان و خەباتی گەلی کوردستان بۆ دیموکراسی دەڕوانێت.
لای خۆیەوە، مەسعود بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، کورتەیەکی لە مێژووی پەیوەندییەکانی فەڕەنسا و گەلی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکان خستەڕوو، لەوانە: سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول، راپەڕین، رۆڵی فەڕەنسا لە دەرکردنی بڕیاری 688ـی ئەنجومەنی ئاسایش، هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆر، سەردانی سەرۆک ئۆلاند و سەرۆک ماکرۆن بۆ هەرێمی کوردستان و کردنەوەی رێڕەوێک لە پاریس بە ناوی پێشمەرگە، کە هەموو ئەمانەی بە بەڵگەی پەیوەندییەکی دۆستانەی پتەو لە نێوان هەردوو گەلدا ناوبرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی سیاسی و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران؛ مەسعود بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە هیچ کاتێکدا بەشێک نابێت لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هەمیشە وەک بەشێک لە چارەسەر دەمێنێتەوە. هاوکات سەبارەت بە دۆخی عێراقیش، رایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەپێناو جێبەجێکردنی دەستوور، بنەماکانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی، و پاراستنی سەقامگیری و دامەزراوەکانی دەوڵەت.
PM:01:49:22/09/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت