لە پێنجوێن بە زەبری هێز و سووتاندنی خێمەکانیان بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا و دەیان کەس دەستبەسەرن
وێستگەنیوز-
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22ی ئەیلوولی 2026، لە قەزای پێنجوێن (96 کیلۆمەتر باکووری رۆژهەڵاتی سلێمانی)، هێزێکی ئەمنی بە زەبری هێز و بەکارهێنانی چەک هێرشی کردە سەر خێوەتی خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە نرخی کارەبا، بەو هۆیەوە خێمەی مانگرتنەکەیان سووتاند و دەیان هاوڵاتییان دەستگیر کرد.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکە لە سێ لاوە لە رێگاکانی سەیدسادق، باشماخ و ملەکەوە گەمارۆی شوێنی گردبوونەوەکەیان داوە و بە زەبری هێز و تەقەکردن بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران پێکردووە. لەو بارەیەوە بەختیار عەلی مستەفا، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە رایگەیاندووە: "هێزەکە دەستیان بە تەقە کرد، هەندێکمان دەربازمان بوو و بەشێکیشمان دەستگیرکران، ژمارەی ئەوانەی دەستبەسەرکراون لە نێوان 40 بۆ 50 کەس دەبن کە مۆبایلەکانیان داخراون"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەنانەت ئەو مێردمنداڵانەش دەستگیرکراون کە تەنها کاری فرۆشیارییان کردووە و پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکەوە نەبووە.
بەختیار ئاشکراشی کردووە، ئەو هێزە لە دەرەوەی قەزای پێنجوێنەوە هێنراون و سەرجەم دەستگیرکراوەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە، لە کاتێکدا بەشێک لە هێزەکە نەکشاونەتەوە و لە شوێنی گردبوونەوەکە لە ملەکەوە جێگیرکراون.
ئەم خۆپیشاندانە ماوەی 3 رۆژ بوو بە بەشداریی سەدان هاوڵاتی و گەنج لەسەر شەقامی ملەکەوە بە هەڵدانی خێوەت و ئەنجامدانی چالاکیی هونەری بە شێوازێکی ئاشتییانە دژی گرانیی نرخی کارەبا بەردەوام بوو.
لە کاردانەوەی ئەم رووداوەدا، تۆڕی هاوپەیمانی 19 (کە لەلایەن سەنتەری میترۆوە سەرپەرشتی دەکرێت و کار لەسەر پرەنسیپەکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ بەتایبەت بەندی 19 دەکات)، بە توندی هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەرانی ئیدانە کرد.
تۆڕەکە راشیگەیاندووە کە دەستووری عێراق و یاسای رێکخستنی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان مافی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان زامن کردووە، هەربۆیە داوا دەکات سەرجەم دەستگیرکراوان بە زووترین کات ئازاد بکرێن و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش روونکردنەوە لەسەر ئەم پێشێلکارییانە بدەن.
AM:11:10:22/09/2026
ئهم بابهته 444
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت