شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ: یەکخستنی پێشمەرگە دوورە لە ڕاستییەوە
وێستگەنیوز-
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕەتیدەکاتەوە هیچ یەکخستنەوەیەکی ڕاستەقینە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەدا ڕووی دابێت، دەشڵێت ئەوەی ڕوویداوە تەنها ڕێوڕەسمێکی ڕووکەشانە و گۆڕینی ناونیشانەکان بووە.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند: وەکو سەرکردەی گەورەترین هێزی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن، و لەسەر بنەمای زانیاریی ورد لەناو هێزەکانەوە بەڕوونی جەخت دەکەمەوە، بانگەشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دوورن لە ڕاستییەوە.
دەشڵێت: ئەوەی لەواقیعدا ڕوویداوە تا ڕادەیەکی زۆر ڕێوڕەسمی ڕووکەشانەیە و گۆڕینی ناونیشانە، بێ ئەوەی یەکخستنێکی ڕاستەقینەی هێزەکان لەژێر فەرماندەییەکی نیشتمانیی یەکگرتوودا هەبێت.
هێزەکانی سنوری سلێمانی هێشتا بەستراونەتەوە بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فەرمان لەو وەردەگرن، لەکاتێکدا هێزەکانی هەولێر و دهۆک هێشتا بەستراونەتەوە بە پارتی دیموکراتی کوردستان و فەرمان لە سەرکردایەتی ئەو حیزبە وەردەگرن.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لە گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی سەر هێزەکان کردووە و ئاشکرای کردووە:سەبارەت بە هێزەکانی 80، تەنها ناوەکەیان گۆڕدراوە بۆ دەڤەری 1، و هێزەکانی 70 ناوەکەیان گۆڕدراوە بۆ دەڤەری 2، بەڵام گۆڕینی ناوەکان بە مانای یەکخستنەوەی ڕاستەقینەی هێزەکان نایەت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە لەوەی یەکخستنەوەی ڕاستەقینە واتە بوونی فەرماندەییەکی نیشتمانیی یەکگرتوو، پلەبەندی فەرماندان، و بوونی وەلائی نیشتمانی و دامەزراوەیی، نەک وەلائ بۆ حیزبە سیاسییەکان. ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان هەمانە هێزی حیزبی و کەسی و میلیشیایین، نەک هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو.
PM:05:50:21/09/2026
ئهم بابهته 404
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت