دڵشاد شەهاب: لەمڕۆوە هەرێم دەبێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو و پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان ئەرکی بەغدایە


وێستگەنیوز-

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمڕۆوە هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو، ئەم هەنگاوەش پێگەی هەرێم بەهێزتر دەکات و هەنگاوێکی دیکەیە لە پێناو چەسپاندنی سەروەریی هەرێمی کوردستاندا.


وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم ئاماژەی بە مێژووی پرۆسەکە کرد و وتی: "ئەو هەنگاوەی کە لە ساڵی 2016 دەستمان پێکرد ئەمڕۆ بەرهەمەکەیمان بینی، پشوودرێژیی نێچیرڤان بارزانیش وایکرد کە پرۆسەی یەکخستنی پێشمەرگە بگاتە ئەنجام".

دڵشاد شەهاب جەختی لەوە کردەوە کە لەمەودوا هێزی پێشمەرگە تەنها پێشمەرگەی کوردستانە و موڵکی هیچ حزبێک نییە، هاوکات تیشکی خستە سەر رۆڵی بەرگریی ئەم هێزە و وتی: "پێشمەرگە کاریگەرترین هێز بوو بۆ تێکشکاندنی داعش و بەرگری لە هەموو پێکهاتەکانی عێراق کردووە، لە ئێستاشدا هاوئاهەنگییەکی بەهێزی لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە".

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و پەیوەندیی لایەنەکان، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد کە ئومێدێکی زۆر هەیە یەکێتی و پارتی بگەنە رێککەوتن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەبارەت بە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان لەگەڵ بەغدا، دڵشاد شەهاب روونیکردەوە کە لە دوای 30ی ئەیلوولەوە ئەرکی پاراستنی تەواوی عێراق دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، هاوکات باسی لە کەرتی وزە کرد و رایگەیاند، بە ئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان زیانی بە هەموو عێراق گەیاندووە، بۆیە پارێزگاریکردن لەو دامەزراوە نەوتییانە بە تەواوی ئەرکی حکومەتی عێراقە.


PM:01:55:21/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو