هاکان فیدان: پەکەکە هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ دانانی چەک نەناوە و پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندایە


وێستگەنیوز-

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "NTV"ی تورکی رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پە*کە*کە) لە ئایاری 2025 بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی خۆی راگەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە ئەیلوولی 2026داین و هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی و کرداری لەوبارەیەوە نەنراوە.


وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، بۆ پێشخستنی پرۆسەی چارەسەری کە بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" ناودەبرێت، گرنگە هەڕەشە چەکدارییەکان بە کرداری کۆتاییان پێبهێنرێت و وتی: "دەمانەوێت هەموو شتێک خێراتر بێت، بەڵام پێویستە وریابین و میکانیزمی گونجاو بخرێتە گەڕ"، فیدان هۆشداریشی دا لەوەی کە دۆخی ناوچەکە گۆڕاوە و چیتر نە لە عێراق و نە لە سووریا کەشێک نەماوەتەوە رێگە بە بوونی هیچ هێزێکی چەکدار بدات جگە لە سوپای فەرمیی ئەو دوو وڵاتە.

سەبارەت بە رەنگدانەوەی پرۆسەکە لەسەر ناوچەکە، هاکان فیدان دووپاتیکردەوە کە ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ تورکیا گرنگ نییە، بەڵکو کوردانی دەرەوەی سنووریش لە عێراق، هەرێمی کوردستان و سووریا لێی سوودمەند دەبن، وتیشی: "ئەو سەقامگیرییەی تورکیا دروستی دەکات، تەنیا خۆی بەهێز ناکات، بەڵکو وڵاتانی ناوچەکەش بەهێز دەکات و برا کوردەکانمان لە دەرەوەی سنووریش پشکیان لەو ئارامی و خۆشگوزەرانییە بەردەکەوێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فیدان جەختی لەسەر بەکارهێنانی رێگەی سیاسی لەبری تووندوتیژی کردەوە و روونیکردەوە کە گەورەترین شۆڕشی سیاسیی سەردەمی دەسەڵاتی ئاکپارتی، کۆتاییهێنان بووە بە نکۆڵیکردن لە ناسنامەی هاووڵاتییان و چەسپاندنی پارێزبەندیی دەستووری بۆ هەموو پێکهاتەکان.

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە سەردانەکەی ئەم دواییەی خۆی (رۆژی 11ی ئەیلوول) بۆ شاری ئامەد کرد و ئاماژەی بەوە دا کە جەماوەر بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی پێشوازییان لە پرۆسەی چارەسەری کردووە، هەروەها باسی لەوە کرد کە لەو شارەدا چیتر گفتوگۆ لەسەر کێشەی ئەمنی و پێکدادان ناکرێت، بەڵکو سەرنجەکان چوونتە سەر گەشەپێدانی ئابووری، هێڵەکانی گواستنەوە و فراوانکردنی کەرتی پیشەسازی.

پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا، لە تشرینی یەکەمی 2024 بە دەستپێشخەری و پێشنیازی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد بۆ ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پە*کە*کە رابگەیەنێت، دواتر لە شوباتی 2025 ئۆجەلان بانگەوازی چەکدانانی راگەیاند و لە تەمووزی هەمان ساڵدا ژمارەیەک گەریلا بە رەمزی چەکەکانیان سووتاند، لە درێژەی ئەم هەنگاوانەشدا، رۆژی 10ی ئابی 2026 پەرلەمانی تورکیا یاسای چوارچێوەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پەسەند کرد، کە چارەنووسی چەکدارەکان گرێدەداتەوە بە رادەستکردنی تەواوی چەک و تەقەمەنییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.


PM:12:02:20/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت