بەهۆی بەنزینەوە کرێی پاسی خوێندکاران زیاد دەکات


وێستگەنیوز-

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، هەڵکشانی نرخی بەنزین بووەتە هۆی دروستبوونی بارگرانی بۆ سەر کەسوکاری خوێندکاران و بەو هۆیەوە کرێی مانگانەی گواستنەوەی خوێندکاران بە بڕی 5 بۆ 10 هەزار دینار زیادیکردووە.


شۆفێرانی پاسی هێڵەکانی گواستنەوە هۆکاری ئەم زیادکردنە بۆ بەرزبوونەوەی تێچووی رۆژانەی سووتەمەنی دەگەڕێننەوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە نەبوونی پشکی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی بۆ هێڵەکانی خوێندکاران، وای لێکردوون کە نرخی گواستنەوە بەرز بکەنەوە.

لە بەرانبەر ئەم بارودۆخەدا، بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند کە بەدواداچوونی مەیدانییان دەستپێکردووە و لە رۆژانی داهاتوودا نرخێکی فەرمی و جێگیر بۆ تەواوی هێڵەکانی گواستنەوە دیاری دەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردن لە سەپاندنی هەر نرخێکی جیاواز و لەبەرچاوگرتنی باری دارایی هاووڵاتییان.

بەپێی ئامارەکان، بۆ ئەمساڵی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، زیاتر لە 430 هەزار خوێندکار پێویستیان بە هاتوچۆکردن هەیە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، پرۆسەی هاتوچۆکردنی ئەو خوێندکارانەش لە رێگەی زیاتر لە 2 هەزار پاس و بە سەرپەرشتیی 16 کۆمپانیای تایبەتمەند رێکدەخرێت و بەڕێوەدەچێت.


AM:10:09:20/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت