وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات و ترەمپ هێرشکردنە سەر حوو*سییە*کان تاوتوێ دەکات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی ئەیلوولی 2026، ئاستی گرژییە سەربازی و دیپلۆماسییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە قۆناغێکی هەستیار، بە جۆرێک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و باڵیۆزخانەکەی لە عێراق زنجیرەیەک هۆشداریی ئەمنیی بەپەلەیان بڵاوکردەوە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ پشووەکەی پچڕاند و گەڕایەوە کۆشکی سپی و بنیامین ناتانیاهۆش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا کورتکردەوە.


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا هۆشداری دا لە ئەگەری تەشەنەسەندنی خێرای پێکدادانەکانی نێوان سعوودیە و حوو*سییە*کان و داوای لە هاووڵاتییانی کرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواوی رێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر، بەتایبەت بەهۆی مەترسیی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، هاوکات داوای لە هاووڵاتییانی دەرەوەی ناوچەکەش کرد گەشتەکانیان بۆ ناوچەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخەن.

لە هەمان کاتدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند کە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە زۆر ئاڵۆزە و ئەگەری روودانی پێشهاتی چاوەڕواننەکراو لە ئارادایە، باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە کرد کە چەکدارانی حووسی هێرشەکانیان بۆ سەر فڕۆکەخانە مەدەنییەکانی سعوودیە دەستپێکردووەتەوە و مەترسیی راگرتنی گەشتەکان و داخستنی ئاسمانی عێراق لە ئارادایە، هاوکات هۆشداری دا لەوەی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران پەلاماری بەرژەوەندییە بازرگانی و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی سەر بە ئەمریکا بدەن.

لەسەر ئاستی جووڵە سیاسی و سەربازییەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی هەفتەکەی لە کامپ دەیڤد لە ویلایەتی مێریلاند بەجێهێشت و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گەڕایەوە کۆشکی سپی، هەرچەندە ئیدارەکەی هۆکاری گەڕانەوەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەم هەنگاوە هاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنی پووچەڵکردنەوەی هێرشێکی مووشەکیی بالیستیی حوو*سییە*کان بۆ سەر شاری ریازی پایتەختی سعوودیە لەلایەن هاوپەیمانیی عەرەبییەوە، هاوکات کەناڵی "سی ئێن ئێن" لە زاری سەرچاوە ئەمریکییەکانەوە ئاشکرای کردووە کە ترەمپ تاوتوێی بژاردەی هێرشکردنە سەر حوو*سییە*کان لە ناو خاکی یەمەن دەکات.

هەر لە چوارچێوەی ئەم ئاڵۆزییانەدا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەردانەکەی بۆ ئەمریکا کورتکردەوە و گەشتەکەی بۆ ویلایەتی تەکساس و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیلۆن ماسک هەڵوەشاندەوە؛ بڕیاریشە رۆژی پێنجشەممە بچێتە نیویۆرک و هەر لە هەمان رۆژدا بگەڕێتەوە ئیسرائیل.

لە بەرانبەر ئەم پەرەسەندنانەدا، تاران هەڵوێستی خۆی راگەیاند؛ موحسین رەزایی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاشکرای کرد کە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە 7 مەرجیان پێشکەشی حکومەتی ئەمریکا کردووە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ بە مەبەستی دەرچوون لە قەیرانەکە.

مەرجەکانی ئێران بریتین لە: راگرتنی شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سەرجەم بەرەکان، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران، ئازادکردنی دارایی و سامانی بەستووی ئێران لە دەرەوە، راگرتنی هەمیشەیی هەڕەشەکانی ئەمریکا دژی خاکی ئێران، داننان بە مافی بەکارهێنانی وزەی ناوەکی بۆ مەبەستی ئاشتیانە، هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان، لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک سنوورەکانی ئێران و گەرووە ستراتیژییەکان بەتایبەت گەرووی هورمز.

شایەنی باسە کە ئەم گرژییانەی نێوان واشنتۆن و تاران دوای ئەوە هات کە رێککەوتنی ئارامکردنەوەی رەوشەکە کە کۆتایی مانگی تەمووز واژۆکرابوو هەڵوەشایەوە، هاوکات پێکدادانەکان لە کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن زیادیان کرد دوای ئەوەی حوو*سییە*کان دەستیان بەسەر چەند دوورگەیەکی بابولمەندەب و دەریای سووردا گرت و هەوڵی بەئامانجگرتنی ناوچەکانی ناوخۆی سعوودیەیان دا.


AM:09:50:20/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت