مەسرور بارزانی: کاراکردنەوەی پەرلەمان مەرجی سەرەکیمانە بۆ پێکهێنانی حکومەت


وێستگەنیوز-

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، لە قوتابخانەی "گڵۆباڵ" لە شاری هەولێر بە فەرمی زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی (2026-2027)ی لێدا و دواتر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی، کەرتی پەروەردە و پرسە ئەمنییەکان.


سەبارەت بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، مەسرور بارزانی روونیکردەوە کە هەر لە رۆژی دوای هەڵبژاردنەوە ئامادەیی تەواویان هەبووە بۆ ئەو هەنگاوە، بەڵام کاراکردنەوەی پەرلەمان پێشمەرجی سەرەکییە و وتی: "پێش هەموو شتێک پێویستە ئەو پەرلەمانتارانەی نوێنەری خەڵکن، بایکۆتی پەرلەمان بشکێنن و بگەڕێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان، چونکە یەکەم هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکومەت بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانە".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی حکومەت لەبارەی پرسی چەکی بێمۆڵەت و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق جەختی لە سەروەریی یاسا کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە یاسا لە هەموو شوێنێکی وڵاتدا سەروەر بێت و لە هەر جێگەیەک چەکی دەرەوەی دەسەڵات هەبێت، بخرێتەوە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت.

لە بواری پەروەردەشدا، مەسرور بارزانی رەخنەی لە هەڵوێستی بەغدا گرت و ئاشکرای کرد، لە کەرتی پەروەردەدا حکومەتی عێراق بەشی هەرێمی کوردستانی وەک پێویست نەداوە و هاوکاریی نەکردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش حکومەتی هەرێم توانیویەتی ساڵ بە ساڵ ئاستی کەرتی پەروەردە بەرز بکاتەوە و پێداویستی بۆ قوتابییان دابین بکات.

هەروەها سەرۆک وەزیران گرنگیی خوێندن بە زمانی کوردی دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "خوێندن بە شێوەیەکی گشتی گرنگە، بەڵام بێگومان خوێندن بە زمانی شیرینی کوردی بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرنگترە". لەبارەی پرسی کەرکووکیشەوە وتی: "کەرکووک بۆ ئێمە دڵی کوردستانە و کوردستانیبوونی کەرکووکیش لە ناسنامەکەیدایە، بۆیە هیوادارم زمانی کوردی لە سەرجەم ئەو شوێنانەی کوردی لێیە زیاتر پەرەی پێبدرێت".


AM:08:43:20/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت