پەیامێک لە تارانەوە بۆ واشنتۆن: مەرجەکانمان قبوڵ بکەن یان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە دەچین


وێستگەنیوز-

ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران جەخت لە گۆڕینی ستراتیژی تاران بەرامبەر واشنتۆن دەکاتەوە و دەڵێت، هەڕەشەکانی ترەمپ هیچ ئەنجامێکیان نابێت؛ هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستان ڕادەگەیەنێت و مەرجەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئاشکرا دەکات.


لە پێشهاتێکی نوێی سیاسی و سەربازیدا، موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئەلجەزیرە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیی تێدایە بۆ ڕاگرتنی جەنگ بچێتە ناو دانوستانەوە، بەڵام جەختی کردەوە بەهۆی کشانەوەی واشنتۆن لە یاداشتی لێکتێگەیشتن، تاران ناچار بووە ستراتیژی بەرامبەر ئەمریکا بگۆڕێت و ئێستاش بۆ هەر ئەگەر و سناریۆیەک لە ئامادەباشیدایە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ هیچ ئەنجامێکیان نابێت و باشترە واشنتۆن مەرجەکانی تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ قبوڵ بکات.

ئاشکراشی کرد کە ئێران لە ڕێگەی دەوڵەتی قەتەرەوە مەرجەکانی خۆی گەیاندووەتە ئەمریکا، کە بریتین لە کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئازادکردنی داراییە بلۆکراوەکانی ئێران و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی.

سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەشیان، ڕەزایی باسی لەوە کرد، تاران هێشتا پابەندە بە فەتوای ڕێبەری باڵای ئێرانەوە، بەڵام داهاتووی ئەم دۆسیەیە نادیارە و بڕیاری مانەوە یان کشانەوە لە پەیماننامەی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) ڕاستەوخۆ بەندە بە هەڵسوکەوتەکانی داهاتووی واشنتۆنەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا و سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، موحسین ڕەزایی ئاماژەی بە دۆسیەی یەمەن کرد و ڕایگەیاند، تاران لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە لە نێوان سەنعا و ڕیازی پایتەختی سعودیەدا.


PM:09:24:19/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو