یەکێتی زانایان حوکمی شەرعی لەسەر راوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی ئاشکرا دەکات


وێستگەنیوز-

ئەنجومەنی باڵای فەتوا سەر بە یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان، لە وەڵامی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی هەولێردا، رای شەرعیی خۆی سەبارەت بە دیاردەی راوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی روونکردەوە و مەرجەکانی راوکردنی دیاریکرد.


بەپێی نوسراوێکی فەرمیی ئەنجومەنی باڵای فەتوا کە ئیمزای د. عەبدوڵڵا مەلا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی لەسەرە، تێیدا هاتووە: "لە چوارچێوەی شەرعیدا راوکردن بە مەرج کارێکی دروست و رێگەپێدراوە، بەڵام پێویستە راوچی لە کاتی راوکردندا بە راستی پێویستی بە گۆشتی ئەو ئاژەڵ و باڵندانە هەبێت و تەنها لەبەر حەز، هەوەس، خۆشی و کایەکردن ئەو کارە نەکات".

لە نوسراوەکەدا پشت بە چەند فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بەستراوە، کە تێیاندا نەهی کراوە لەوەی هیچ گیاندارێک تەنها لەپێناو کاتبەسەربردن بکرێتە نیشانە و ئامانج، هەروەها هۆشداری دراوە لەوەی ئەگەر باڵندەیەک بەبێ سوود و بە ناهەق بکوژرێت، لە رۆژی دواییدا دەبێتە سکاڵاکار.

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوە شەرعییەکەدا هاتووە، سەبارەت بەو ئاژەڵ و درندانەی کە زیان بە مرۆڤ، کێڵگە، باخ و پەلەوەر دەگەیەنن وەک (بەراز، گورگ، دوپشک و مار)، لە شەرعدا رێگە بە لەناوبردنیان دراوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی پاراستنی گیانی مرۆڤ و بەرژەوەندییەکانی لە پلەی یەکەمی مەبەستەکانی ئایندایە.

لە کۆتایی بڕیارەکەدا، ئەنجومەنی باڵای فەتوا جەختی لە پاراستنی ژینگەی کوردستان کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە پێویستە سەرجەم هاوڵاتییان بە گشتی، بەتایبەت بەرپرسان و لایەنە دەسەڵاتدارەکان، لە هەر پێگە و پایەیەکدا بن پارێزگاری لە ژینگە و سروشتی وڵات بکەن.


PM:03:11:19/09/2026




ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت