سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو: حکومەتی هەرێم بووەتە "کرێچی" کۆمپانیا حزبییەکان
وێستگەنیوز-
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رەخنەی توند لە سیاسەتە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و رایدەگەیەنێت، حکومەت لە هەمبەر چارەسەرکردنی قەیرانی سوتەمەنیدا دەستەوەستانە، چونکە سەرجەم جومگەکانی ئەو کەرتەی رادەستی کۆمپانیا حزبییەکان کردووە و لە بەرانبەریاندا بووەتە "کرێچی".
مستەفا عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو سەبارەت بە پەنابردنی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی تاک و جووت لە دابەشکردنی بەنزیندا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە نابێتە چارەسەری ریشەیی و تەنها وەک "موسەکن و هێورکەرەوەیەک" وایە بۆ قەیرانەکە، لە کاتێکدا نرخی بەنزین هەر بە بەرزی ماوەتەوە و باری دارایی لەسەر شانی هاوڵاتییان گران کردووە.
سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ئەم قەیرانە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو روونیکردەوە کە حکومەتی هەرێم هەموو پرۆسەکانی دەرهێنان، پاڵاوتن و دابەشکردنی نەوت و سوتەمەنی رادەستی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا حزبییەکان کردووە، وتیشی: "حکومەت هیچ رۆڵێکی ئەوتۆی نەماوە و تەنها چاودێرییەکی کەم دەکات، لە راستیدا حکومەت بووەتە کرێچی کۆمپانیاکان، ئەوەش وایکردووە دەستکەوت و قازانجی کۆمپانیاکان لەپێش خزمەتگوزاری هاوڵاتییانەوە بێت."
مستەفا عەبدوڵا بەراوردێکی لە نێوان دۆخی هەرێم و بەغدا کرد و راشیگەیاند: "لە بەغدا حکومەت خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی پاڵاوگەکان و کەرتی سوتەمەنی دەکات، بۆیە نرخەکان جێگیرن و لە بەرژەوەندی هاوڵاتییاندان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیا حزبییەکان بڕیار لەسەر نرخ و جۆری سوتەمەنی دەدەن."
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، ناوبراو ئاشکرای کرد کە لیژنەیەکی پەرلەمان لە بەغدا خەریکی لێکۆڵینەوەن لەو "ستەمەی لە سوتەمەنی هەرێمدا دەکرێت"، ئاماژەی بەوەش کرد کە چارەسەری راستەقینە لەوەدایە کە حکومەتی هەرێم بە جدی لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت بۆ دابینکردنی پشکی هەرێم لە سوتەمەنی، چ لە رێگەی رادەستکردنی تەواوی ئەو 50 هەزار بەرمیلە بێت یان زیادکردنی بڕەکەی، بە مەرجێک چاودێرییەکی وردی حکومەتی فیدراڵی لەسەر بێت بۆ ئەوەی بە فیڕۆ نەچێت و بگاتە دەستی هاوڵاتییان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو هۆشداری دا کە سوتەمەنی شادەماری سەرەکیی جوڵەی بازاڕە، بەرزبوونەوەی نرخەکەشی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر گرانبوونی سەرجەم پێداویستییەکانی دیکەی ژیانی هاوڵاتییان هەیە و پێویستە حکومەت لەم سیاسەتەی ئێستای پاشەکشە بکات.
PM:02:30:19/09/2026
ئهم بابهته 272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت