وەزارەتی پێشمەرگە: دابەشکردنی مووچە بە شێوازی کۆن لە بانکەکاندا کۆتایی هات


وێستگەنیوز-

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شێوازی پێشووی دابەشکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لە بانکەکاندا کۆتایی پێهاتووە، ئەمەش دوای ئەوەی نزیکەی سەرجەم پێشمەرگە چوونەتە نێو سیستمی نوێی دیجیتاڵیی مووچەوە.


ئەمڕۆ 18ی ئەیلولی 2026، لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) بە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا مووچەی هێزی پێشمەرگە لە رێگەی بانکەکانی هەرێمەوە دابەش دەکرا، کە ئەوەش لە چاو شێوازە تەقلیدییەکانی رابردوو کارئاسانییەکی زۆری دروستکردبوو.

بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازی، سوپاسی بەڕێوەبەر و کارمەندانی بانکەکانی هەرێمی کرد کە بە هەماهەنگیی بەردەوامیان و تەنانەت لە رۆژانی پشووشدا، رۆڵێکی گرنگیان لە جێبەجێکردنی پرۆسەکەدا گێڕاوە لە پێناو خزمەتکردنی هێزەکانی پێشمەرگە.

لیوا توانا سدیق ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا زیاتر لە 99%ی ئەندامانی هێزی پێشمەرگە لە پرۆسەی "هەژماری من"دا ناویان تۆمار کراوە، بەوەش بە شێوازێکی ئاسان و راستەوخۆ، لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) مووچەکانیان بەدەستدەگات، هاوکات دەستخۆشی لە تیمی "هەژماری من" کرد کە وەزارەتی پێشمەرگەیان خستووەتە پێشەنگی پرۆسەکەوە.

لە کۆتاییدا ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی کردەوە، بەهۆی ئەو هەنگاوە و بەردەوامبوونی بەدیجیتاڵکردنی مووچە لە رێگەی "هەژماری من"، لەمەودوا دابەشکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە بە میکانیزمی پێشوو لە رێگەی بانکەکانەوە بە یەکجاری کۆتایی پێدێت.


PM:09:48:18/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو