ماکرۆن: کار دەکەین بۆ گواستنەوەی نەوت و گازی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا
وێستگەنیوز-
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ هەریەکە لە عێراق و ئوردن کار دەکات بۆ دروستکردنی هێڵێکی بۆری بە مەبەستی گواستنەوەی گاز و نەوت لە عێراقەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەرچاوەی جێگرەوە بۆ وزە.
ئەمڕۆ هەینی 18ی ئەیلوولی 2026، ماکرۆن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی پڕۆژەکانی کۆگاکردنی گاز لە سەرانسەری ئەوروپا خێراتر دەکات بۆ ئەوەی بارگرانیی بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە کەمبکاتەوە، راشیگەیاند کە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتە هۆی قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی وزە و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و سووتەمەنیشەوە مەینەتییەکانی سەر هاووڵاتییان زیادی کردووە.
سەرۆکی فەرەنسا باسی لەوەش کرد کە ئەم قەیرانە تەنیا کێشەیەکی ناوخۆیی فەرەنسا نییە، بەڵکو کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەستی بۆ تەواوی وڵاتانی کیشوەری ئەوروپا بردووە.
سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، ماکرۆن روونی کردەوە کە پاریس هیچ دەستێکی لەو ململانێیەدا نەبووە کە بووەتە هۆی داخرانی گەرووەکە، بەڵام ناچارە باج و لێکەوتەکانی بچێژێت، هەروەها ئاشکرای کرد کە فەرەنسا بەشداری لە ئەرکێکی نێودەوڵەتیدا کردووە بۆ یاوەریکردنی نەوتهەڵگرەکان تاوەکو بە شێوەیەکی سەلامەت لە گەرووی هورمز تێپەڕ ببن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی فەرەنسا داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسیی بەپەلەی کرد کە زامنی دووبارە کردنەوەی سەلامەتانەی گەرووی هورمز بکات.
PM:05:04:18/09/2026
ئهم بابهته 420
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت