هەژماری من: بەم نزیکانە خزمەتگوزاریی قەرز بە مووچەخۆران دەستپێدەکات


وێستگەنیوز-

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من دەستپێکردنی خزمەتگوزاریی پێدانی قەرز بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بانکە بەشدارەکانەوە ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، ڕێژەی وەرگرتنی مووچە بە شێوەی دیجیتاڵی لە هەرێم گەیشتووەتە نزیکەی %100.


ئاراز ساڵح، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من، ڕایگەیاند، بەم نزیکانە خزمەتگوزاریی پێدانی قەرز بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەکە دەستپێدەکات.

وتیشی: یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بەشداربوونی بانکەکان لە پڕۆژەکەدا، پابەندبوونیان بووە بە پێشکەشکردنی قەرز بە مووچەخۆران.

بەپێی قسەکانی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، هەر بانکێک چەند جۆرە قەرزێک پێشکەش دەکات و مووچەخۆران دەتوانن لەو خزمەتگوزارییانە سوودمەند بن.

ئاشکراشی کرد، بەم نزیکانە مووچەخۆران دەتوانن بە شێوەیەکی دیجیتاڵ و ئاسان بانکەکەیان بگۆڕن و بۆ بانکێکی دیکەی بەشدار لە پڕۆژەکەدا بگوازنەوە.

لەبارەی ڕێژەی وەرگرتنی مووچە لە ڕێگەی هەژماری منەوە، ئاراز ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، ڕێژەکە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک گەیشتووەتە 99%، لە سلێمانی و هەڵەبجەش 98%ی فەرمانبەران مووچەکانیان لە ڕێگەی پڕۆژەکەوە وەردەگرن.

هەروەها سەرپەرشتیاری هەژماری من ڕایگەیاند تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە 1000 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دادەنرێن.


AM:10:32:18/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو