وتەی رێبوار حامید و پۆڵاد شێخ جەنگی لە دادگا: دەستکاریم لە قەناسەکەدا کرد و نەمهێشت بافڵ تاڵەبانی بکوژرێت


وێستگەنیوز-

لە 4ـەمین دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و راگیراوانی دۆسیەی هۆتێل لالەزار، هەریەک لە رێبوار حامید حاجی غالی و پۆڵاد شێخ جەنگی وتەی خۆیان لەبەردەم دادوەر پێشکەش کرد و وردەکاریی هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی و دەنگۆی کودەتایان ئاشکرا کرد.


بە وتەی تیمی پارێزەرانی دۆسیەکە، رێبوار حامید حاجی غالی لە بەردەم دادوەردا رایگەیاندووە کە لاهور شێخ جەنگی هەرگیز داوای لێنەکردووە بافڵ تاڵەبانی تیرۆر بکات، بەڵکو تەنها داوای لێکردووە بچێتە نێو شوقەیەکی پرۆژەی (سیتی تاوەرز) بۆ ئەوەی بزانێت چی لەوێ هەیە.

رێبوار حامید لە گێڕانەوەی رووداوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە: "کاتێک چوومە ئەو شوقەیە، پەنجەرەکە بە پلاستیک داپۆشرابوو و شووشەکەی پێوە نەمابوو، کە پلاستیکەکەم لادا، رێبوار قودرەت (ناسراو بە رێبواری قەناس)م لەوێ بینی، لێم پرسی چی دەکەیت؟ لە وەڵامدا وتی بافڵ تاڵەبانی دەکوژم، منیش وتم چۆن شتی وا دەکەیت! بۆیە دوای گفتوگۆکردن، من دەستکاریم لە دووربینی قەناسەکەی رێبوار قودرەتدا کرد، بەڵێ ئەوە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بافڵ تاڵەبانی نەکوژرێت، بەڵام خواش نەیویست بکوژرێت".

ناوبراو لە بەردەم دادوەردا جەختی لەوە کردەوە کە لەژێر هیچ فشارێکدا ئەم وتانەی نەداوە و وتیشی: "کە چوومە ناو شوقەکە هەستم کرد پلانێکی کودەتا هەیە بۆ کوشتنی بافڵ تاڵەبانی، دوای رووداوەکانی لالەزاریش بافڵ تاڵەبانی خۆی لەناو زینداندا هاتە لام و سوپاسی کردم کە نەمهێشتووە بیکوژن".

لە درێژەی دانیشتنەکەدا، وتەی پۆڵاد شێخ جەنگی، برای لاهور شێخ جەنگی لەلایەن دادوەرەوە وەرگیرا و ناوبراو سەبارەت بە دەنگۆی کودەتا و چەکداری رایگەیاند: "بەڵێ، چەندین جار لەلایەن کەسانی ترەوە هەوڵی کودەتا هەبووە، بەڵام چەک کۆکردنەوەی ئێمە تەنها بۆ بەرپەرچدانەوە و رێگریکردن بووە لەو هەوڵانەی کودەتا نەک بۆ هیچ مەبەستێکی دیکە".

دۆسیەی دادگاییکردنی تۆمەتباران پەیوەستە بە هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی، کە تێیدا 12 کەس تۆمەتبارن و بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی (تایبەت بە رێککەوتنی تاوانکاری بۆ ئەنجامدانی تاوان) دادگایی دەکرێن. یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنەکە لە 12ی کانوونی دووەمی 2026 لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو و دوای ئەوەی 3 جار دواخرابوو، لە دانیشتنەکانی پێشوودا وتەی 9 تۆمەتبار وەرگیرا و بە وەرگرتنی وتەی لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامید، رێکارە دادوەرییەکانی ئەم قۆناغە تەواو دەبن.

سەرەتای دۆسیەکە بۆ بەرەبەیانی 22ی ئابی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک دوای رازینەبوونی لاهور شێخ جەنگی بە خۆبەدەستەوەدان، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی (کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتی) هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. لە ئەنجامدا رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری بە چەکی قورس لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بۆ ماوەی 3 بۆ 4 کاتژمێر روویدا کە کوژراو و برینداری لە هەردوولا لێکەوتەوە، دواجاریش لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ژمارەیەک لە چەکدارەکانیان دەستگیر کران و لەو کاتەوە لە زینداندان.


PM:02:34:17/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو