ئەمڕۆ دادگا وتەی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای وەردەگرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026، لە بەردەم دادوەردا دانیشتنێکی نوێی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی رووداوەکانی هۆتێل لالەزار بەڕێوەدەچێت و بە فەرمی وتەی لاهور شێخ جەنگی و دوو تۆمەتباری دیکەی دۆسیەکە وەردەگیرێت.
دانا تەقیەددین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگادا تەنیا هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامید حاجی غالی ئامادە دەبن، دادوەریش بە شێوەیەکی فەرمی وتەکانیان لێوەردەگرێت وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ تەواوکردنی قۆناغی رێکارە دادوەرییەکان لەم دۆسیەیەدا.
وتەبێژی تیمی پارێزەران روونیشیکردەوە، لە کۆی 12 تۆمەتبار کە لەسەر ئەم کەیسە دراونەتە دادگا، لە دانیشتنەکانی پێشوودا وتەی 9 تۆمەتباریان وەرگیراوە، بە وەرگرتنی وتەی ئەم 3 تۆمەتبارەی ئەمڕۆش رێکارە یاساییەکانی ئەم قۆناغە بە تەواوی کۆتاییان دێت.
تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێن کە تایبەتە بە (رێککەوتنی تاوانکاری لە نێوان گرووپێک یان چەند کەسێک بۆ ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک پێکەوە)، ئەمەش لەسەر دۆسیەی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنەکە لە 12ی کانوونی دووەمی 2026 لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، پێشتریش سێ جار پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بە هۆکاری جیاواز دواخرابوو.
رووداوەکانی هۆتێل لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی 22ی ئابی 2025، کاتێک دوای رازینەبوونی لاهور شێخ جەنگی بە خۆبەدەستەوەدان، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی (کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتی) هێرشیان کردە سەر هۆتێلەکە، لە ئەنجامدا رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی چەکداری بە بەکارهێنانی چەکی قورس لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بۆ ماوەی سێ بۆ چوار کاتژمێر روویدا و بەهۆیەوە چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون، دواجار لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لەگەڵ ژمارەیەک لە چەکدار و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیر کران و لەوکاتەوە لە زینداندا ماونەتەوە.
AM:09:42:17/09/2026
ئهم بابهته 156
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت