وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبای هەرێم ئاسایی دەبێتەوە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆسەی گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان ئاسایی بووەتەوە و لە چەند کاتژمێری رابردووشدا 1400 مێگاوات کارەبا گەڕێندراوەتەوە بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی.


بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبای هەرێم، لە ئەنجامی هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز، پڕۆسەی هەناردە و گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزە ئاسایی بووەتەوە.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش داوە، لە چەند کاتژمێری رابردوودا بەهۆی ئاساییبوونەوەی گازی پێویست بۆ وێستگەکان، بڕی 1400 مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی گەڕاوەتەوە، بەم هەنگاوەش دۆخی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتییان بە تەواوی بەرەو ئاساییبوونەوە هەنگاو دەنێت.


AM:09:26:17/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت