ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێم لە سلێمانی دەبن
وێستگەنیوز-
بە بەشداریی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرکردایەتیی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کارەکانی لوتکەی ئابووریی سلێمانی دەستپێدەکات، کە وەک پلاتفۆرمێکی فراوان کار لەسەر پتەوکردنی هاوبەشیی نێوان کەرتی تایبەت و دامەزراوە فەرمییەکان، بووژانەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکات.
لوتکەکە بۆ ماوەی 2 رۆژ بەردەوام دەبێت و 7 پانێڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت؛ لە رۆژی یەکەمدا 4 پانێڵ تایبەت دەبن بە کەرتەکانی بانک و خانووبەرە، لە رۆژی دووەمیشدا 3 پانێڵ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی پیشەسازی و وەبەرهێنان تەرخان دەکرێن، لە پاڵ گفتوگۆ و پانێڵەکاندا، پێشانگەیەکی تایبەت بە کەرتی خانووبەرە، کارگەکان و بانکەکان لە هۆتێل گراند میلینیۆم دەکرێتەوە، هاوکات ژووری بازرگانی پلانی خۆی بۆ راکێشانی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی نیشتەجێبوون، پیشەسازی، گەشتوگوزار و گواستنەوە دەخاتەڕوو.
ئەم کۆبوونەوە ئابوورییە گرنگییەکی سیاسی و دارایی تایبەتی هەیە، بەو پێیەی سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆک وەزیران، پارێزگاری سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنان و مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری باڵای ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق شانبەشانی سەدان وەبەرهێنەر بەشدارن تێیدا.
نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵ لەم لوتکەیەدا تیشک دەخەنە سەر چارەسەرکردنی ریشەیی ئاڵۆزییە دارایی و ئابوورییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بە ئامانجی نەهێشتنی ئاستەنگە داراییەکان، بەهێزکردنی شەفافییەت و حوکمڕانی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ئاسانکاریکردن بۆ بازرگانان و فراوانکردنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی.
AM:09:17:17/09/2026
ئهم بابهته 388
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت