کوێستان محەمەد: زیاتر لە 100 هەزار خێزان لەژێر هێڵی هەژاریدان


وێستگەنیوز-

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، زیاتر لە 100 هەزار خێزان لە هەرێم لەژێر هێڵی هەژاریدان و 30 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتیش بەهۆی راگرتنی تۆمارەوە لە ساڵی 2013 تا ئێستا بێ مووچەن، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پەنایان بۆ بەغدا بردووە، بەڵام ماوەی دوو مانگە چاوەڕوانی وەڵامن.


کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای رووداو رایگەیاند، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی لە ساڵی 2013 سەریهەڵداوە، پڕۆسەی تۆمارکردنی خاوەنپێداویستیی تایبەت راگیراوە، بەو هۆیەوە 30 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت بێ مووچە ماونەتەوە کە لەنێویاندا 13 هەزار و 200 کەسیان لە ساڵی 2013ـەوە چاوەڕوانن، هەروەها 17 هەزار کەسی نابینا، نابیست و پەککەوتوون.

لە بەرانبەردا ئێستا زیاتر لە 70 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت مووچە وەردەگرن، لە دەستپێکی ئەم کابینەیەشدا مووچەی راگیراوی 15 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت گەڕێندراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای زیادکردنی بڕی مووچەکانیان کراوە.

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە هەوڵەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ باسی لەوە کرد، داوایان لە بەغدا کردووە ئەو 30 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتە و 100 هەزار خێزانی هەژاری هەرێم بخاتە چوارچێوەی بودجەی گشتیی عێراق، بە جۆرێک لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی سوودمەند بن کە ئێستا 9 ملیۆن خێزان لە عێراق لێی سوودمەندن، جەختیشی کردەوە ئەگەر بەغدا رەزامەندی بدات فۆڕمی تۆمارکردن بۆ ئەو خێزانە هەژارانە بڵاودەکەنەوە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر داواکاریی چاوپێکەوتندا، هێشتا بەغدا وەڵامی نەداونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کوێستان محەمەد تیشکی خستە سەر دۆخی کەرتی کار و راگەیاند، نزیکەی 1 ملیۆن کرێکار لە هەرێمی کوردستان هەن و ژمارەی ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە چوار هێندە زیادی کردووە، هەروەها 15 هەزار و 218 کەس لە رێگەی وەزارەتەکەیانەوە دامەزراون و خراونەتە سەر کار. ناوبراو نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کرێکاری بیانی جێگەی کرێکاری خۆماڵیی گرتووەتەوە و هۆشداریی دا لەوەی بەپێی رێنماییەکان نابێت رێژەی کرێکارانی بیانی لە 25% تێپەڕ بکات.

سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وەزارەتەکەی و دۆخی زیندانەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەی سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە 11 سەنتەرەوە بەرزکراونەتەوە بۆ 69 سەنتەر. هاوکات لەبارەی چاکسازییەکانیشەوە دووپاتیکردەوە هیچ زیندانییەکی پلەبەرز (VIP) نەماوە و رەوشەکە بە جۆرێکە بەشێک لە سزادراوان بەردەوامییان بە خوێندن داوە تا ئاستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر، لە هەمان کاتدا هۆشداری دا کە یەک لەسەر پێنجی سزادراوانی ناو چاکسازییەکان بەهۆی کێشە و بازرگانیی ماددەی هۆشبەرەوە حوکم دراون.


AM:08:57:17/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت