خوێندنی باڵا کاتی کارابوونی زانکۆلاینی ڕاگەیاند؛ زیاتر لە 40 هەزار دەرچوو داواکاری پێشکەش دەکەن


وێستگەنیوز-

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سبەینێ پێنجشەممەوە 17ـەی ئەیلولی 2026 کاتژمێر 8:30ـی سەرلەبەیانی، سیستمی زانکۆلاین بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ بۆ دەرچوانی پۆلی 12ـەی ئامادەیی کارا دەبێت.


لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی، د. خەتاب ئەحمەد شێخانی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان ڕایگەیاند، ئەمساڵ 40 هەزار و 716 دەرچوو لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان داواکاری لە ڕێگەی وێبسایتی (www.regayzanko.com) پێشکەش دەکەن.

سەبارەت بە شێوازی پڕکردنەوەی فۆرمەکان، وەزارەت ئاماژەی بەم خاڵانەی خوارەوە کردووە:

خوێندکاران دەبێت سەردانی قوتابخانەکانی خۆیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (Username & Password).

پێویستە خوێندکاران پێش پڕکردنەوەی فۆرم، ڕێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە و سەردانی مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری بکەن، هەروەها خۆیان فۆرمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لە سەنتەرە نەناسراوەکان نەکەن.

داوا لە دەرچوان دەکرێت لە سەرەتای کارابوونی سیستمەکەوە دەست بە پڕکردنەوەی فۆرم بکەن و کاری پڕکردنەوە دوا نەخەن بۆ ڕۆژانی کۆتایی.

دەرچوان کێبڕکێ لەسەر 680 بەش لە 16 زانکۆی حکومی دەکەن بۆ سیستمه‌كانی زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران.

لە کۆتاییدا وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاگاداری خوێندکارانی کردەوە کە ستافی وەرگرتن هیچ پەیج و ئەکاونتێکی فەرمیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە و تەنها لە ڕێگەی وێبسایت و پەیجی فەرمیی وەزارەتەوە زانیارییەکان بڵاودەکەنەوە.


PM:05:26:16/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت