پێشەوا هەورامانی: کابینەی داهاتوو درێژەپێدەری کابینەی 9 دەبێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئەیلوولی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە, لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەت تەوەر و بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو.
لەبارەی پشکی هەرێم لە بەغدا، پێشەوا هەورامانی رایگەیاند کە پشکی راستەقینەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا پێویستە 14% بێت نەک 12.67%، چونکە ئەم رێژەیەی ئێستا پێچەوانەی ئەو سەرژمێرییەیە کە خودی بەغدا ئەنجامی داوە، هەر بۆیە بە تەواوی رەتیدەکەنەوە و پێویستە وەزیری پلاندانانی عێراقیش لەسەر ئەم پرسە بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت.
وتەبێژی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ناو بودجەدا گەرەنتی بکرێت و لە سەرجەم ململانێ سیاسییەکان دووربخرێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە زیاتر لە 1 ملیۆن مووچەخۆر مووچەکانیان وەردەگرن و نۆرەگرتنی دوورودرێژ کۆتایی هاتووە، هەروەها گلەیی لەوەش کرد کە بەغدا بەشی هەرێم لە قەرزە دەرەکییەکان نادات، هاوکاریی پێویستی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێم ناکات، و لە پرۆسەی دامەزراندنی فەرمانبەرانیشدا نادادی بەرامبەر هەرێم کراوە.
سەبارەت بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ، وتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد کە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەسەر ئەم پرسە کۆبوونەتەوە و لێکنزیکبوونەوەیەکی زۆر باش و کەشێکی ئەرێنی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە، بە جۆرێک هەوڵەکان چڕکراونەتەوە و زەمینەیەکی گونجاو هاتووەتە ئاراوە، جەختیشی کردەوە کە کابینەی داهاتوو درێژەپێدەری کابینەی 9 دەبێت.
پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوە کرد، شاندی حکومەت لە بەغدا لەگەڵ لایەنی فیدراڵی پرسی سووتەمەنی تاوتوێ دەکات، چونکە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەشی پێداویستییەکانی هەرێم ناکات و داوایان کردووە بە بڕی 50 هەزار بەرمیلی دیکەی رۆژانە زیاد بکرێت؛ دڵنیاییشی دا کە ئەم کێشەیە کاتییە و چارەسەر دەکرێت، هاوکات باسی لەوەش کرد کە بەنزینی 750 دیناری خاوەنی کوالێتییەکی باشە،
دەربارەی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، روونیکردەوە کە هەرێم پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە و پابەندی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیش بووە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، وتەبێژی حکومەت باسی لەوە کرد خەڵکی کوردستان لە پڕۆژەی "رووناکی" رازین، هاوکات بڕیاری کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی دووپاتکردەوە کە بەپێی بڕیارەکە، دەسەڵات دراوە بە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تاوەکو شوێنی ئەو فەرمانبەرانەی لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزراون و دەستبەرداری کارەکانیان بوون، پڕبکەنەوە.
PM:02:23:16/09/2026
ئهم بابهته 360
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت