ئەنجومەنی وەزیران پرۆسەی لەجیاتیدانانی بۆ کارمەندانی پەروەردە و خوێندنی باڵا کارا کردەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئەیلول، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک حکومەت کۆبووەوە و تیایدا بە کۆی دەنگ بڕیار درا پرۆسەی لەجیاتیدانان بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە کارا بکرێت کە لەسەر داهاتی ناوخۆ لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دامەزراون.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی ئەم بڕیارە رێگە بە هەردوو وەزارەت دەدرێت بە تەواوی دەسەڵاتەوە شوێنی ئەو کارمەندانەی داهاتی ناوخۆ پڕبکەنەوە کە بە هەر هۆکارێک لە هۆکارەکان وازیان لە کارەکانیان هێناوە یان دەستبەرداری بوون، ئەمەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی میلاک و رێگری لە پەککەوتنی کاروبارە کارگێڕییەکان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا، ئامادەکارییەکانی پەیوەست بە دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 لەلایەن هەردوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵاوە خرانەڕوو.

پێشتر بەهۆی رێکارە داراییەکان و راگرتنی دامەزراندنی هەمیشەیی، زانکۆکان و ناوەندەکانی پەروەردە لە کاتی وازهێنانی هەر فەرمانبەرێکی داهاتی ناوخۆدا نەیاندەتوانی کەسی دیکە لە شوێنەکەی دابنێن، ئەمەش گرفتی بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانیان دروستکردبوو؛ بۆیە ئەم بڕیارە نوێیەی حکومەت وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت تاوەکو ناوەندەکانی خوێندن بتوانن بەبێ دروستبوونی بارگرانیی نوێی دارایی کێشەی کورتهێنانی کارمەند چارەسەر بکەن.


PM:01:15:16/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت