رۆژنامەیەکی عێراقی: پارتی و یەکێتی رێککەوتوون پۆستی سەرۆک وەزیران 2 ساڵ بە 2 ساڵ دابەش بکەن
وێستگەنیوز-
رۆژنامەیەکی عێراقی ئاشکرای دەکات لە پرۆسەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا، پێشنیازێک هاتووەتە کایەوە بە جۆرێک پۆستی سەرۆک وەزیران لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە شێوازی دەستاودەستکردن و بۆ هەر 2 ساڵ جارێک لای یەکێکیان بێت.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "العالم الجدید"ی عێراقی، لە ژێر کاریگەریی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، هەردوو حزب گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی نیمچە کۆتایی، کە تێیدا لە 2 ساڵی یەکەمی تەمەنی حکومەتدا پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەر یەکێتی بکەوێت و قوباد تاڵەبانی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکرێت، لە بەرامبەریشدا لە 2 ساڵی دووەمدا مەسرور بارزانی لە پشکی پارتی پۆستەکە وەربگرێتەوە، بە مەرجێک پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ خولێکی تەواو لای پارتی بمێنێتەوە.
لەبارەی دابەشکاریی وەزارەتەکانیشەوە، رۆژنامەکە باسی لەوە کردووە کاتێک سەرۆکایەتیی حکومەت لای پارتی بێت، یەکێتی چەندین پۆستی گرنگ و سیادی وەردەگرێت، لەوانە: دارایی، پێشمەرگە، خوێندنی باڵا و پلاندانان، هاوشانی پۆستەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش، تاوەکو هیچ لایەنێکیان هەست بە پەراوێزخران نەکات.
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە بورهان شێخ رەوف، سەرکردە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە: "دەستاودەستکردنی پۆستی سەرۆکی وەزیران چارەسەرێکی ستراتیژییە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە خنکێنەرەی کە باجەکەی لەسەر شانی هاووڵاتییانە".
لە بەرامبەر ئەم زانیارییانەی رۆژنامە عێراقییەکەدا، بەپێی بەدواداچوونەکان، بیرۆکەیەکی لەو شێوەیە لەسەر مێزی گفتوگۆی هەردوو حزب بوونی نییە، بەڵکو لێکتێگەیشتنەکانی پاش کۆبوونەوەی پێرێی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەرەو ئەو ئاراستەیەن کە پۆستی سەرۆک وەزیران تاوەکو کۆتاییهاتنی تەمەنی کابینەکە لای پارتی بمێنێتەوە.
ئەم دەنگۆ و لێکتێگەیشتنانە لە کاتێکدا سەرهەڵدەدەن کە نزیکەی 2 ساڵە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێک نەهێنراوە و دانیشتنەکانی پەرلەمانیش دەستیان پێ نەکردووەتەوە.
PM:12:52:16/09/2026
ئهم بابهته 496
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت