سعوودیە تێکشکاندنی درۆنێکی ئاراستەکراوی بۆ سەر مەککە راگەیاند
وێستگەنیوز-
هاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتیی سعوودیە ئاشکرای کرد، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ئاسمانی باشووری شاری مەککە بخەنە خوارەوە، پێش ئەوەی بچێتە سنووری ئاسمانیی شارەکەوە، لە بەرامبەردا، حووسییەکان بە توندی ئەو زانیارییانە رەتدەکەنەوە.
بەیانیی رۆژی چوارشەممە 16-09-2026، تورکی مالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی سعوودیە درۆنێکی دووژمنکارانەیان تێکشکاندووە کە لەلایەن حووسییەکانەوە هەڵدرابوو بە ئامانجی پەلاماردانی مەککەی پیرۆز".
مالیکی جەختی لەوە کردەوە کە "ئاسایشی هەردوو حەرەمی پیرۆز و میوانانی خودا هێڵی سوورە" و روونیکردەوە، لە دوای ساڵی 2017ـەوە ئەمە دووەمین جارە حووسییەکان هەوڵی بەئامانجگرتنی مەککە دەدەن. هاوکات هۆشداریشی دا کە هاوپەیمانییەکە لە گرتنەبەری رێکاری تووند و بەرپەرچدەرەوە بەرامبەر ئەم رەفتارانە سڵ ناکاتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، بەرگریی شارستانیی سعوودیە لە ناوچەیەکی بەرفراواندا هۆشداریی ئەمنیی بڵاوکردەوە و بۆ یەکەمین جار لە دەستپێکی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە مەترسی لە هەریەک لە پارێزگاکانی مەککە، تائیف و جددە (دووەم گەورەترین شاری شانشینەکە) کەوتە کار، هەرچەندە هۆشدارییەکان دواتر بە خێرایی هەڵگیران و بەرپرسانی وڵاتەکە روونیان نەکردەوە ئایا هیچ کەرەستەیەکی سەربازی یان مووشەک کەوتووەتە خوارەوە یان نا.
لە کاردانەوەی ئەم راگەیەندراوەدا، حازم ئەسەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان لێدوانەکانی سعوودیەی رەتکردەوە و لە پلاتفۆرمی ئێکس نوسیویەتی: "ئەو بانگەشانەی باس لە بەئامانجگرتنی مەککەی پیرۆز دەکەن، درۆیەکە کە پێشتریش بەکارهاتووە و چیدی کەس پێی هەڵناخەڵەتێت"، بەپێی ئاژانسی رۆیتەرزیش، هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتیی هیچ هێرشێکی لەو ناوچانە لە ئەستۆ نەگرتووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمینداریێتیی گشتیی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی (OIC) هاتە سەر هێڵ و لە راگەیەندراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە کراونەتە سەر ناوچەکانی مەککە و مەدینە، هەروەها ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بەردەوامیی پەلامارەکانی حووسییەکان بۆ سەر خاکی سعوودیە دەربڕی.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممەی رابردوو حووسییەکان هێرشیان کردبووە سەر باشووری سعوودیە و لای خۆشیانەوە ریازیان تۆمەتبار کرد بەوەی لە ماوەی 24 کاتژمێردا زیاتر لە 50 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر پێگەکانیان، هاوکات تاران لە رێگەی ئاژانسی فرانس پرێسەوە دەستێوەردانی خۆی لەو ململانێیەدا رەتکردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە کە بەهۆی سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوان حووسییەکان و هێزەکانی لایەنگری سعوودیە، بەتایبەت لە درێژایی کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن و گەرووی بابولمەندەب، زیاتر لە 100 هەزار کەس لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارە بوون و هەزارانی دیکەش پەنایان بۆ جیبۆتی بردووە، بڕیاریشە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رۆژی سێشەممە بۆ تاوتوێکردنی رەوشی گەرووی بابولمەندەب کۆببێتەوە.
AM:08:37:16/09/2026
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت