وەزیری دارایی: لە نزیکترین کاتدا سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت
وێستگەنیوز -
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ بەغدا ڕایگەیاند، کار دەکەن بۆ ئەوەی بەپێی ئاماری سەرژمێریی نوێ و دەستوور، مافە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 جێگیر بکرێت.
ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، چەند مانگێکە ئامادەکاری دەکەن بۆ دیاریکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.
جەختیشی کردەوە لەوەی زامنکردنی مووچە لە سەرووی کارەکانیانەوەیە و ئامانجیانە حکومەتی فیدراڵ هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم بکات و مووچەکانیان لە چەمکی خەرجیی کرداری دەربهێنرێت.
وەزیری دارایی ئاشکرای کرد، لەگەڵ بەغدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن تا لە نزیکترین کاتدا سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، چاوەڕوان دەکرێت ڕێگرییەکانی بەردەم کۆمپانیاکان لاپەڕەیان بۆ هەڵبدرێتەوە؛ لەوانەش هەڵگرتنی بازگەکان، دابینکردنی دۆلار بەنرخی فەرمیی بانکی ناوەندی و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی باج.
وەزیری دارایی هەروەها ئاماژەی بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد و ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو کێشە و بیانووانەی لە ساڵانی ڕابردوودا لەسەر لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە و شیکاریی داهات و خەرجییەکان هەبوون، بەرەو بنەبڕکردنی یەکجارەکی دەچن.
PM:10:40:15/09/2026
ئهم بابهته 484
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت