ئامانج رەحیم: چارەسەری کێشەی مووچە؛ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵییە لە بودجەدا


وێستگەنیوز-

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کلیلی چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی مووچەخۆران بریتییە لە جێگیرکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی وەک خۆی لەناو یاسای بودجەی فیدراڵدا، تاوەکو مووچەی هاوڵاتییان لە ناکۆکییە سیاسی و داراییەکان جیابکرێتەوە.


بەپێی وتەی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بەگوێرەی ماددەی 94ی دەستووری عێراق، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 224 و یەکخراوەکەی 269/اتحادیة/2023 کە لە 21ی شوباتی 2024 دەرچووە، بڕیارێکی کۆتایی و پابەندکەرە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان، لەنێویاندا ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی فیدراڵ؛ هەربۆیە پەرلەمان بۆی نییە هیچ دەقێک لە یاسای بودجەدا دابڕێژێت کە دژ بە حوکمەکانی دادگای فیدراڵی بێت.

ئامانج رەحیم روونیکردەوە کە مەرجدارکردنی مووچەی هەرێم بە پێوەری "ئینفاقی فیعلی" (خەرجیی راستەقینە)، بڕینی تەمویل لە کاتی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەت، و جیاکاری لە نێوان مووچەخۆرانی هەرێم و ناوەند بە تەواوی ناڕەوا و نادەستوورین، چونکە مووچە پشکی حکومەت نییە، بەڵکو ئیستیحقاقێکی یاسایی مووچەخۆرانە لە بەرامبەر راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا و بەپێی ماددەی 30ی دەستوور پێویستە پارێزراو بێت لە هەر کێشەیەکی نەوتی و نانەوتی.

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران داوا لە نوێنەران و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات پارێزگاری لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بکەن و رێگری بکەن لەوەی ماددەکانی 11، 12 و 13ی یاساکانی پێشووی بودجە دووبارە ببنەوە؛ هۆشداریش دەدات ئەگەر شێواز و میکانیزمی خەرجکردنی مووچەی هەرێم لە بودجەی 2027 بە هەمان کۆتوبەندەکانی رابردوو دابڕێژرێت، ئەوا کێشەی دارایی مووچەخۆران بەردەوام دەبێت.


PM:02:29:15/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت