بافڵ تاڵەبانی: مێژوویەکی هاوبەش و دێرین پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و گەلی ئێرانی پێکەوە گرێداوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئەیلوولی 2026، لە شاری تاران، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبوونەوە و گفتوگۆیان سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە ئەنجامدا.


بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆکی یەکێتی، لە دیدارەکەدا کە شاندێکی باڵای حزبەکە ئامادەی بوون، بە وردی تاوتوێی دواین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و پێشهاتە سەربازییەکانی ناوچەکە کرا، بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری کێشەکان تەنها لە رێگەی ئاشتییانە و دیالۆگی بەردەوامەوە دەستەبەر دەبێت.

هاوکات بافڵ تاڵەبانی هەوڵە بەردەوامەکانی یەکێتی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئارامی دووپاتکردەوە و روونیکردەوە کە هەرێمی کوردستان رێز لە ئاسایش و سەروەریی وڵاتانی دراوسێ دەگرێت، ئاماژەی بەوەش کرد مێژوویەکی هاوبەش و دێرین پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و گەلی ئێران پێکەوە گرێدەدات.

لە بەرامبەردا، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێزانینی وڵاتەکەی دەربڕی بەرامبەر هەوڵ و رۆڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان، عێراق و سەرانسەری ناوچەکەدا.


PM:01:22:15/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت