عومرەکارێکی خەڵکی کەلار لە سعوودیە کۆچی دوایی کرد
وێستگەنیوز-
کاروان ستوونی، وتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەوی رابردوو 14ی ئەیلوولی 2026، عومرەکارێکی کورد بە ناوی محەمەد حەسەن، کە دانیشتووی شاری کەلارە، لە سعوودیە کۆچی دوایی کرد.
وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێم روونیکردەوە، ئەو هاوڵاتییە تەمەنی لە سەرووی 65 ساڵەوە بووە و دوای بەجێهێنانی سوننەتی عومرە، لە کاتی گەڕانەوەیدا و لە رێگەی نێوان مەدینە بۆ عەرعەر گیانی لەدەستداوە.
سەبارەت بە رێکارەکانی گەڕاندنەوەی تەرمەکەشی، ئاماژە بەوەکراوە کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە لە رێگەی نووسینگەی گەرمیانەوە لەسەر هێڵە بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک، لەسەر داخوازی کەسوکارەکەشی کە لە گەشتەکەدا یاوەری بوون، تەرمەکەی لە سعوودیەوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ کەلار و لەوێ بە خاکی پیرۆزی کوردستان دەسپێردرێت؛ هاوکات مامۆستا خالد محەمەد حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی گەرمیان بە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتییەکە پێشوازی لە تەرمەکە دەکات.
بە کۆچی دوایی ئەم عومرەکارە، ناوبراو دەبێتە دووەم هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان کە لە وەرزی عومرەی ئەمساڵ 2026دا لە وڵاتی سعوودیە گیان لەدەستدەدات.
لە کۆتاییشدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف، سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو کردووە و هاوخەمیی خۆیان دەربڕیوە.
PM:12:09:15/09/2026
ئهم بابهته 44
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت