هەژماری من: مووچە بە کاش نادرێت، چاوەڕێی کورتەنامەی بانک بن


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی خانەنشینان بە شێوەیەکی دیجیتاڵی لە رێگەی پرۆژەی "هەژماری من" دەستیپێکرد، هاوکات تیمی پرۆژەکەش چەند رێنمایی و هۆشدارییەکی بەپەلەیان ئاراستەی مووچەخۆران کرد.


بەگوێرەی زانیارییەکانی تیمی "هەژماری من"، مووچەی خانەنشینان بە هیچ شێوەیەک بە نەختینە (کاش) نادرێت و پێویستە هاوڵاتییان چاوەڕێی گەیشتنی کورتەنامەی فەرمیی بانک بن؛ تیمی پرۆژەکە داواش لە مووچەخۆران دەکات کە بەبێ گەیشتنی کورتەنامە روو لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە نەکەن و سەردانەکانیشیان بۆ کاتەکانی دوای نیوەڕۆ دوابخەن، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا تیمەکانی بانک لە سەرجەم ناوچەکان سەرقاڵی پڕکردنەوە و گواستنەوەی دراون بۆ ناو ئامێرەکان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر دۆخی ئەو کەسانەی هێشتا بەشدارییان لە سیستەمەکەدا نەکردووە و ئاماژە بەوەکراوە، نزیکەی 25 هەزار مووچەخۆر تا ئێستا ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە، هەربۆیە سەرەڕای ئەوەی پارەکە لەلایەن بەغداوە نێردراوە، بەڵام پێدانی مووچەی ئەم مانگەی ئەو کەسانە یەکلایی نەبووەتەوە.

تیمی پرۆژەکە هۆشداری ئەوەشی داوە کە بۆ مانگەکانی داهاتوو، بەبێ تۆمارکردنی ناو لە پرۆژەی "هەژماری من"، مووچەی هیچ کەسێک خەرج ناکرێت.


AM:10:55:15/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت