ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پرسی خوێندن، سەرژمێری و بودجەی 2027 تاوتوێ دەکات


وێستگەنیوز-

بڕیارە سبەی چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات، بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکەش سێ تەوەری سەرەکی کە پەیوەستن بە کەرتی خزمەتگوزاری و دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.


لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ ئامادەکارییەکان دەکرێت بە مەبەستی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027، ئەو بابەتەش لەلایەن هەردوو وەزیری پەروەردە، و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە دەخرێتەڕوو.

تەوەری دووەمی کارنامەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی راپۆرتی وەزیری پلاندانان سەبارەت بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق لەسەر ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2024؛ تێیدا تیشک دەخرێتە سەر کاریگەریی ئەو ئەنجامانە لەسەر دیاریکردنی رێژەی بەشەبودجە و مافە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم، هاوکات هەنگاو و هەڵوێستەکانی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەو بارەیەوە دیاری دەکرێن.

لە تەوەری کۆتاییدا، کۆبوونەوەکە پرسی دارایی تاوتوێ دەکات، کە تێیدا شاندی باڵای دانوستانکار دەرەنجامی دواین گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا دەخەنەڕوو سەبارەت بە گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027، لەگەڵ بەردەوامیی هەوڵەکان و رۆڵی نوێنەرانی هەرێم بۆ چەسپاندن و زامنکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان لەو یاسایەدا.


AM:09:35:15/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت