سەرۆکایەتیی دیوان ڕێنمایی نوێ سەبارەت بە دۆسیەی وانەبێژانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەکات


وێستگەنیوز -

سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، چەند ڕاسپاردە و مەرجێکی نوێی بۆ چاوخشاندنەوە بە دۆسیەی دامەزراندنی گرێبەستی وانەبێژانی زانکۆ و پەیمانگاکان ئاڕاستە کرد.


بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 11289 کە ئیمزای د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی لەسەرە، داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە کارئاسانی و ڕێکاری پێویست لەسەر دۆسیەی وانەبێژانی زانکۆ و پەیمانگاکان ئەنجام بدەن.

لە نووسراوەکەدا داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە کە ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بکات:

ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی هۆکاری دامەزراندنی ئەو کەسانەی مەرجەکانی دامەزراندنیان بەگریبەست تێدا نییە.

خستنەڕووی پێشنیاری گونجاو لەلایەن وەزارەتەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی ژمێریاریی گشتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو مامۆستایانەی لە زانکۆ و پەیمانگاکان بە شێوەی گردبەست دامەزراون لە کاتێکدا مەرجەکانی وانەوتنەوەیان تێدا نییە.

دیاریکردنی کەسانی کەمتەرخەم لە بەرزنەکردنەوەی لیستی ناوی ئەو کەسانەی مەرجەکانی دامەزراندنیان تێدا نەبووە و ئەنجامدانی ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان.

ڕاسپاردنی دیوانی چاودێریی دارایی بە مەبەستی وردبینیکردنی دۆسیەی دامەزراوانی بەگریبەست لەسەر میلاکی وەزارەت.

هەروەها لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە خشتەی زانیاریی دەربارەی سەرجەم دامەزراوانی بەگرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە ژمارەیان 4 هەزار و 104 کەسە، لەلایەن ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەوە وردبینی کراوە.


PM:08:15:14/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت