سەنتەری میترۆ: گەلەکۆمە لە بڕیار نامیق مەکەن


وێستگەنیوز -

سەنتەری میترۆ پشتیوانی بۆ ڕۆژنامەنووس بڕیار نامیق دووپات کردەوە و داوا لە دەزگاکانی حکومەتی هەرێم دەکات ڕۆژنامەنووسان وەک شەریکی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تەماشا بکەن، نەک دوژمن.


ئەمڕۆ دووشەممە 14ـەی ئەیلوولی 2026، سەنتەری میترۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانی خۆی بۆ بڕیار نامیق، پەیامنێری کەناڵی KNN دەربڕی.

ئەمەش دوای ئەوەی لە 4ـی ئەیلوولدا ڕاپۆرتێکی لەسەر شەقامێکی نوێ ئامادەکرد کە ئامێرەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کاریان تێدا دەکرد و گومانی ئەوەی هەبوو شەقامەکە بۆ ماڵی چەند کەسێکی دەستڕۆیشتوو دەچێت نەک گوندێک.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی میترۆ، دوای پەخشکردنی ڕاپۆرتەکە، تابلۆیەک لە شەقامەکە هەڵواسرا و دوو ڕۆژ دواتریش تابلۆکە بێسۆراغ کرا.

سەنتەری میترۆ ڕەخنەی لە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە گرتووە کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بێ لێکۆڵینەوەی جدی یان بڕیاری دادگا، ڕۆژنامەنووسەکەی بە درۆزن و خائین وەسف کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی بە پاڵپشتی نووسراوێک ڕایگەیاندووە کە دادگا حەکەم دەبێت لە کەیسەکەدا.

سەنتەری میترۆ جەختی کردووەتەوە، بڕیار نامیق ئامادەیە بیسلمێنێت شەقامەکە بۆ ڤێلا و باخی خەڵکی دەستڕۆیشتوو دروستکراوە نەک بۆ گوندی ئاوەدان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەشی ڕاسپاردووە ئەگەر پێچەوانەکەی هەیە بیبسلمێنن.

هاوکات ڕایگەیاندووە ئاشکراکردنی گومانەکانی گەندەڵی ئەركی ڕۆژنامەنووسانە و پێویستە دەسەڵاتداران هاوکاربن لە بری تۆمەت بەخشینەوە.


PM:06:14:14/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو