وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی: ئەو خاوەنکارانەمان داوەتە دادگا کە ستەمیان لە کرێکارەکانیان کردووە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئەیلوولی 2026، کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کەلار رایگەیاند، هەر خاوەنکارێک پێشێلکاری و ستەم بەرامبەر کرێکارەکانی ئەنجام بدات دەدرێتە دادگا، ئاشکراشی کرد کە لەو چوارچێوەیەدا چەندین دۆسیەیان رەوانەی دادگا کردووە.


وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، حاڵەت هەبووە خاوەنکار دەستدرێژیی کردووەتە سەر کرێکارەکەی و لێیداوە، لە بەرامبەردا ئەوان بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی ناکەن و دۆسیەکەیان ئاراستەی دادگا کردووە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.

کوێستان محەمەد داوای لە تەواوی کرێکاران کرد، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە ستەم و نادادپەروەرییەک لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە، راستەوخۆ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاگادار بکەنەوە تا رێوشوێنی پێویست دژی پێشێلکاران پەیڕەو بکرێت، جەختیشی لەوە کردەوە ئەو کەسانەی ستەمیان لە کرێکارەکانیان کردووە رادەستی دادگا کراون.

سەبارەت بە رەوشی کار و ئاماری کرێکارانیش، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرای کرد کە تا ئێستا 350 هەزار کرێکار دەستەبەر کراون، ئەوەشی خستەڕوو کە ژمارەی کۆی گشتیی کرێکاران نەگۆڕ و دیاریکراو نییە، بەڵکو بەردەوام بەپێی کات لە زیادبوون و کەمبووندایە.


AM:10:19:14/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت