لەسەر بودجەی 2027؛ شاندێکی دارایی هەرێم دەچێتە بەغدا


وێستگەنیوز-

شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا دەکات، بە ئامانجی بەشداریکردنی راستەوخۆ لە داڕشتنەوە و جێگیرکردنی ماددە و بڕگەکانی تایبەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراقدا.

شاندە تەکنیکییەکە پێکهاتووە لە بەڕێوەبەرانی بەشی بودجە و ژمێریاری، راوێژکاری دارایی و ژمارەیەک لە پسپۆڕانی وەزارەتی دارایی؛ ئەرکی سەرەکییان کۆبوونەوە دەبێت لەگەڵ تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی پڕۆژەیاساکە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی پاکێجی داواکارییەکانی خۆی لەبارەی بودجەی 2027 ئاراستەی بەغدا کردووە، کە چەند تەوەرێکی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە: تەرخانکردنی دارایی پێویست بۆ مووچە، گۆڕینی فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ هەمیشەیی، دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، لەگەڵ هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت.

بۆ ئەم گفتوگۆیانە، هەولێر لە رێگەی دوو ئاستەوە بەشداری لە داڕشتنەوەی رەشنووسی بودجەکەدا دەکات؛ لە ئاستی یەکەمدا تیمی باڵا لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە، لە ئاستی دووەمیشدا تیمی تەکنیکی لەگەڵ هاوتاکانیان لە بەغدا، وردبینی لە بڕگە، داتا و ژمارە داراییەکاندا دەکەن.

ئەم هەوڵانەی هەرێم لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئەیلوولی 2026، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە رەشنووسی بودجەی 2027دا، سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا بە یەکجاری دادەمەزرێنرێن.


AM:09:31:14/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت