هاتووچۆی سلێمانی بۆ کەمکردنەوەی قۆرخکاری مەرجی نوێی بۆ وەرگرتنی کۆدی بەشی مۆڵەت ڕاگەیاند


وێستگەنیوز –

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لۆدی سەر ماڵپەڕەکەی و کەمکردنەوەی قۆرخکاری، ڕێکار و مەرجی نوێی بۆ وەرگرتنی کۆدی سەردانیکردنی بەشی مۆڵەت ڕاگەیاند.


ئەمڕۆ شەممە 12ـەی ئەیلولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەستنیشانی کرد کە لەمڕۆوە هاووڵاتییان لە کاتی پڕکردنەوەی خشتەی وەرگرتنی کۆددا دەبێت پابەندی چەند مەرجێک ببن.

بەگوێرەی ئاگادارییەکەی هاتووچۆ، مەرجەکان بریتین لە تۆمارکردنی ناوی سیانیی دروست، بەکارهێنانی ژمارەی تەلەفۆنی ڕاستەقینەی ئەو کەسەی کارەکەی بۆ ڕایی دەکرێت، هەروەها گرتنی وێنەی ڕووخساری کەسەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بێ بەکارهێنانی ئیمۆجی یان وێنەگرتنەوە لەبەر شاشە.

هاتووچۆی سلێمانی جەختیشی کردووەتەوە کە لە کاتی پشکنینی QR Code لە بەشی مۆڵەتدا، ئەگەر هەر زانیارییەک ساختە بێت یان لە سیستەمدا نەبێت، مامەڵەی کەسەکە ڕەت دەکرێتەوە.

لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا هاتووە، کۆدی نۆرەگرتنی شەفتی بەیانیان لە یەکشەممە تا پێنجشەممە بەردەست دەبێت، هەروەها شەفتی ئێوارانیش تەنها بۆ ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە دەبێت.


PM:05:04:12/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت