شاخەوان عەبدوڵا: ئامانجی سەرەکیمان لە یاسای بودجەدا دەستەبەرکردنی 12 مووچەی تەواوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم


وێستگەنیوز-

لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، کۆبوونەوەیەکی فراوان و گرنگ لە نێوان سەرکردایەتی پارتی، تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا، لە کۆبوونەوەکەدا تەواوی داتا و پرسی دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا خرانەڕوو، بەتایبەت گۆڕینی شێوازی دابینکردنی مووچە، پشکی هەرێم لە بودجە، نەوت و شایستە داراییەکان.


شاخەوان عەبدوڵا، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی لە بەغدا، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی، تیمی دانوستانکاری حکومەت و ئەندامانی فراکسیۆن بەڕێوەچوو، تیایدا تیمی دانوستانکار تەواوی وردەکاری، ئامار و ئەو پرسانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تاوتوێکراون خستنە بەردەست پەرلەمانتاران، تاوەکو لە چوارچێوەی بودجەی داهاتوودا داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.

سەبارەت بە وادەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد، کاتێکی کەم لەبەردەم وەزارەتی دارایی عێراقدایە و بڕیارە تا 15ی ئەم مانگە گفتوگۆکان لەو وەزارەتە کۆتایی پێبێت و پڕۆژەکە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت، دواتریش لە ناوەڕاستی مانگی 10دا پڕۆژەیاساکە رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت بۆ دەنگدان لەسەری.

لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا کە پرسی مووچە بووە، شاخەوان عەبدوڵا روونیکردەوە: "پێداگریمان کردووەتەوە کە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵی لە بەشی (تەعویزاتی فەرمانبەران) هاوشێوەی سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق، بە شێوەیەک یەک دەقی یاسایی بۆ تەواوی وڵات هەبێت، چیتر نابێت مووچەی هەرێم لە چوارچێوەی خەرجیی فیعلیدا هەژمار بکرێت، چونکە ئەو سیستەمە بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە 2 بۆ 3 تا 4 مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕدرێت و بفەوتێت؛ ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە 12 مووچەی تەواو بۆ مووچەخۆرانی هەرێم زامن بکرێت".

سەبارەت بە کێشەی دواکەوتنی ناردنی مووچەش، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بابەتی دواکەوتن لە سەرتاسەری عێراقدا هەیە، بەڵام بە وەزیری دارایی عێراق وتراوە ناکرێت هەمیشە دابەشکردنی مووچەی هەرێم بخرێتە کۆتاییەوە، ئەوانیش بەڵێنیان داوە میکانیزمێک دابنێن بۆ ئەوەی جاروبار مووچەی هەرێم بهێنرێتە پێشەوە، هاوکات زەمینەسازییەکی باش لەگەڵ فراکسیۆنە عێراقییەکان کراوە تا دۆسیەی مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و تەواوی مووچەخۆرانی کوردستان لەگەڵ عێراقدا بکرێتە یەک مەلەف و یەک پاکێج.

دەربارەی پشکی هەرێم لە بودجە، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد کە بەهۆی ناکۆکی لەسەر دەرەنجامی سەرژمێری تا ئێستا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە، بەوپێیەی سەرژمێری دەریخستووە رێژەی دانیشتوانی هەرێم 14%یە، بەڵام بەغدا پێداگری لەسەر 12% دەکات.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، شاخەوان عەبدوڵا باسی لە دۆسیەی سوتەمەنی و شایستە داراییەکانی دیکە کرد و وتی: "رێککەوتووین لەسەر ئەوەی چۆن لە بودجەدا پاڵپشتی دارایی بۆ نرخی بەنزین و سوتەمەنی لە عێراق دادەنرێت، هەمان بڕ بۆ هەرێمی کوردستانیش دابنرێت، هاوکات لەسەر شایستەی دارایی گرێبەستەکان، یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، و دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە تا مافەکانیان لە بودجەدا جێگیر بکرێت".

لە کۆتاییدا، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی جەختی لە گرنگیی یەکدەنگیی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا کردەوە و راشیگەیاند، فراکسیۆنەکەیان بە هەموو قورسایی خۆی لە پەرلەمان داکۆکی لە مافە دەستووری و داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات کە لە رابردوودا پێشێل کرابوون، هەروەها هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان دەکەن بۆ ئەوەی هەموو داخوازییەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بچەسپێنرێن


PM:02:44:12/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت