غالب محەمەد: بڕیارە هەفتەی داهاتوو كێشەی سووتەمەنی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا یەكلایی بكرێتەوە
وێستگهنیوز – محەمەد فاتیح
پەرلەمانتارێكی عێراقی و ئەندامی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی رۆژانە بەغدا رادەستی هەرێمی كوردستانی دەكات ئاشكرای كردووە تائێستا هیچ رێكەوتنێك نەكراوە.
غالب محمەد عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لیژنەكە تایبەت بە وێستگەنیوزی راگەیاند، بڕیاربوو ئەم هەفتەیە هەردوو لایەنی بەغدا و هەرێمی كوردستان راپۆرتەكانیان رادەستی لیژنەكە بكەن، بەڵام دوایان خستووە بۆ هەفتەیەكی تر.
وتیشی، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان نووسراوێكی بۆ لیژنەكە كردووە كە داواكارییەكانی ئێمەی رەچاو نەكردووە و داوای كۆمەڵێك شتی كردووە كە هیچ پەیوەندی بە هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستانەوە نییە.
ئەندامی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی رۆژانە بەغدا رادەستی هەرێمی كوردستانی دەكات باسی لەوەشكرد، "وەزارەتی نەوتی عێراقیش بەهۆی گۆڕانكاری لە نرخی سووتەمەنی داوای كردووە سەبری لێ بكەین تاوەكو كارەكانیان یەكلایی دەكەنەوە لە دانانى پڕۆگرامێكی نوێ بۆ سووتەمەنی".
دووپاتشیكردەوە، "هەفتەی داهاتوو راپۆرتی هەردوولا وەردەگرین و بڕیاری خۆمان دەدەین و نووسراوێكی فەرمی دەردەكەین".
بڕیارە لە رێگەی ئەو لیژنە پەرلەمانییەوە كە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێكیهێناوە و غالب محەمەد عەلی ئەندامی لیژنەكەیە، ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی رۆژانە لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت بخرێتە خزمەت هاونیشتیمانیانەوە و نرخی سووتەمەنی لە هەرێم هاوتای نرخی سووتەمەنی بكرێت لەگەڵ پارێزگاكانی عێراق.
PM:10:09:11/09/2026
ئهم بابهته 232
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت