لە کۆی 11 دۆسیەی سزادراوان شەشیان ماددەی هۆشبەرە؛ داواکاری گشتی هۆشداری دەدات


وێستگەنیوز -

ئەندامێکی داواکاریی گشتی لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی هۆشدارییەکی توند لەبارەی تەشەنەسەندنی دیاردەی ماددەی هۆشبەر دەدات و دەڵێت، تەنانەت گەیشتووەتە ناو ژنان، کچان و شوێنە گشتییەکان.

حاکم نزار جاف، ئەندامی داواکاریی گشتی لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی ڕایگەیاند، بەپێی ئامارێکی مەیدانی، تەنها لە ماوەی یەک کاتژمێردا لە کۆی 11 مامەڵەی بەربوونی بەمەرج بۆ سزادراوان، شەش مامەڵەیان تایبەت بووە بە تاوانەکانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دیاردەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بە شێوەیەکی مەترسیدار گەشەی سەندووە و پەڕیوەتەوە بۆ ناو ژنان، کچان، بازاڕ و شوێنە گشتییەکان.

ئەو ئەندامەی داواکاریی گشتی داوای بەپەلەی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و کاربەدەستان کرد بەزووترین کات ڕێگەچارەی جدی بۆ بنبڕکردنی ئەم مەترسییە بدۆزنەوە، هاوكات داواشی لە خێزانەکان کرد وریاتر بن و چاودێریی بەردەوامی منداڵەکانیان بکەن.


PM:05:32:11/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت