ئەمڕۆ 65 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولدا تێدەپەڕێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 11ی ئەیلوول، 65 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە رابەرایەتیی مستەفا بارزانی لە باشووری کوردستان تێدەپەڕێت، کە لە 11ی ئەیلوولی ساڵی 1961 لە دژی حکومەتی کۆماریی عێراق دەستیپێکرد و تا واژۆکردنی رێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی 1975 بەردەوام بوو.
سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشە چەکدارییە دوای ئەوە هات کە دەسەڵاتدارانی بەغدا پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەکانیان و جێبەجێکردنی بەندی 3ی دەستوور کە دوای شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958 کوردی وەک هاوبەشی عەرەب ناساندبوو؛ حکومەت دەستیکرد بە دەرکردنی ئەفسەر و فەرمانبەرانی کورد لە دامودەزگاکاندا، راگرتنی خوێندنی کوردی، قەدەغەکردنی کتێبی کوردی و پڕچەککردنی هۆزە نەیارەکان (جاشەکان) دژی جوتیاران و گەلی کورد، هاوکات لە دەستووری کاتیدا لە بەندی 2 عێراقی بە بەشێک لە نەتەوەی عەرەبی دانا.
لە وەڵامی ئەم هەنگاوانەدا، رۆژنامەی خەبات لە 19ی تشرینی یەکەمی 1960 بابەتێکی رەخنەیی بڵاوکردەوە و داوای هەڵبژاردنی ئازاد و کۆتاییهێنان بە فەرمانە عورفییەکانی کرد، بەڵام دەسەڵات لە 28ی ئاداری 1961 و دوای ژمارە 462 رۆژنامەکەی داخست و سەرنووسەرەکەی دادگایی کرد و دەستگیرکردنی کادیرانی پارتی دەستیپێکرد، هەوڵە سیاسییەکانی مستەفا بارزانیش لە رێگەی سەردانی مۆسکۆ لە 5ی تشرینی دووەمی 1960 و کۆبوونەوەی راستەوخۆی لە بەغدا لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم لە شوباتی 1961 بێئاکام بوون، بەوهۆیەشەوە بارزانی بەغدای جێهێشت، دواتریش پارتی لە 6ی ئەیلوولی 1961 مانگرتنی گشتی لە سەرتاسەری کوردستان راگەیاند.
پەلامارە سەربازییەکان لە 11ی ئەیلوولی 1961 بە بۆردومانی فڕۆکەکانی سوپای عێراق بۆ سەر دەربەندی بازیان، دۆڵی خەلەکان و دەوروبەری دهۆک دەستیانپێکرد، لە بەرامبەریشدا مەکتەبی سیاسی لە 19ی ئەیلوولی 1961 بڕیاری بەرگریی چەکداری دا، لە مانگی شوباتی 1962دا لە کۆبوونەوەی گوندی عەوداڵان بە بەشداریی سەرکردەکانی وەک ئیبراهیم ئەحمەد، عەلی عەسکەری، عەبدولڕەحمان زەبیحی و چەندین سەرکردەی تر، بۆ یەکەمجار ناوی "پێشمەرگە" بۆ شەڕڤانانی کورد دیاریکرا و دروشمی (دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان) راگەیەندرا، و هێزی لەشکری رزگاریی کوردستان بە نزیکەی 20 هەزار پێشمەرگە دامەزرا کە توانی بەشی هەرە زۆری خاکی کوردستان لە دەستی سوپا ئازاد بکات تا گەیشتە ئاگربەستی سەرەتای ساڵی 1963.
دوای کودەتای 8ی شوباتی 1963 و رووخانی قاسم، بەعسییەکان لە بەڵێنەکانیان بۆ داننان بە مافەکانی کورد پاشگەز بوونەوە، لە بەرامبەردا لە پایزی 1964 ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە دەڤەری پشدەر بە 63 ئەندام پێکهێنرا و دەستوورێکی 11 ماددەیی پەسەند کرا و لەشکر بەسەر سێ بەرەی سەرەکیدا رێکخرایەوە، شەڕ لە شوباتی 1965 دەستیپێکردەوە و سوپای عێراق لە 3ی ئایاری 1966 بە پلانی (توکلت علی اللە) هێرشی کردە سەر چیای هندرێن و زۆزک، بەڵام لە 12ی ئایاری 1966 شەڕی هەندرێن درووست بوو و هێزەکانی حکومەت تێکشکان، بەو هۆیەوە لە بەیاننامەی 29ی حوزەیرانی 1966دا بەغدا ملیدا بۆ داواکارییەکانی شۆڕش.
پاش کودەتای تەمووزی 1968 و هاتنەسەرکاری ئەحمەد حەسەن بەکر، هێرشەکان بە بەشداریی جاشەکان چڕتر بوونەوە، بەڵام پێشمەرگە لە هێرشی کێڵگەی نەوتی بابەگوڕگوڕ لە کەرکووک لە 2ی ئاداری 1969 و شەڕی گرتک لە 31ی تشرینی یەکەمی 1969 زیانی گەورەی بە بەغدا گەیاند، ئەمەش وایکرد سەدام حسێن بێتە ناوپردان و لە 11ی ئاداری 1970 رێککەوتننامەی مێژوویی ئۆتۆنۆمی لەگەڵ مستەفا بارزانی واژۆ بکات.
سەرەڕای رێککەوتنەکە، حکومەتی عێراق لە 26ی ئاداری 1974 دیسان گفتوگۆکانی هەڵپەسارد و بۆردومانی ناوچەکانی کوردستانی دەستپێکردەوە.
لە قۆناغی دواتریشدا، لە 6ی ئاداری 1975 لە جەزائیر، سەدام حسێن و محەمەد رەزا شا رێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە تێیدا عێراق دەستبەرداری بەشێک لە شەتولعەرەب بوو بۆ ئێران لە بەرامبەر بڕینی یارمەتییەکانی شۆڕش و داخستنی سنوورەکان لەلایەن تارانەوە، دوای هۆشدارییەکانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی پێشمەرگە لە ئەگەری بەردەوامیی شەڕ، لە 18ی ئاداری 1975 سەرکردایەتی شۆڕش بڕیاری راگرتنی شەڕی دا و بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە و هاوڵاتییان ئاوارەی ئێران بوون و بەشێکی زۆریش بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق راگوێزران.
AM:10:25:11/09/2026
ئهم بابهته 356
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت