وەزیری پێشمەرگە: هێزەکانی 70 و 80 یەکخرانەوە و بووینە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو


وێستگەنیوز –

وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆتاییهاتنی پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگەی لەژێر چەتری وەزارەتەکەی ڕاگەیاند و جەختدەکاتەوە لەوەی هەرێمی کوردستان بووە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـەی ئەیلوولی 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای چەندین ساڵ تێکۆشان و هەوڵدانی بەردەوام، لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80 توانراوە سەرجەم بەربەست و گرفتە کەڵەکەبووەکان تێپەڕێنرێن.

وەزیری پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، هێزەکانی 70 و 80 بە پرۆسەیەکی ورد، سەربازییانە و پلان بۆداڕێژراو یەکخراونەتەوە.

وتیشی: لە چوارچێوەی ئەم چاکسازییە ریشەییەدا، تەواوی هێزەکان لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی و کۆنترۆڵ لیوا، فیرقە و فەرماندەیی دەڤەر ڕێکخرانەوە و هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازی بە فەرمی دەستبەکار دەبن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە و هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو و سەردەمیانە لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

سەبارەت بە هاوکارییەکانی پشت ئەم پرۆسەیە، شۆڕش ئیسماعیل باسی لەوە کرد کە ئەم دەستکەوتە ئەنجامی پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت بووە، هاوکات ستایشی ڕۆڵی هاوپەیمانانی کرد بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیاندا.


PM:06:39:10/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت